Hemin Hüseyin
02 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2017
هەولێر - AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا فڕانسوا ئۆلاند، بەناوی گەلی کوردستان و پێشمەرگەو خانەوادەی شەهیدان و خۆشی، بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆکی فەڕەنسای کرد، کە بۆ جاری دووەمە سەردانی کوردستان دەکات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بۆ نوێنەرانی دەزگاکانی راگەیاندنی هەرێمی و دەرەکی قسەی کردو سەرەتای قسەکانی بە زمانی فەڕەنسی بەخێرهاتنی سەرۆکی فەڕەنسای کرد و گوتی: "جاری یەکەم جەنابتان لەکاتێکدا سەردانی کوردستانتان کرد، کە کوردستان کەوتبووە بەر هێرشی دڕندەترین رێکخراوی تیرۆریستی جیهان و شەڕ لە پایتەختی ئێمە زۆر نزیکبوو، لەو کاتەدا جەنابتان موجازەفەتان کردو هاتن، کە ئەمە پشتگیرییەکی زۆر گەورەبوو بۆ ئێمەو هەڵوێستێکی مەردانە و مرۆڤدۆستانەتان بۆ خۆتان و گەلەکەتان تۆمارکرد".
پێشتر سەرۆکی فەڕەنسا و شاندی سەربازییە سەردانی بەرەکانی شەڕیان کرد و لە دۆخی هێزەکانی پێشمەرگە و دوا پەرەسەندنی شەڕی داعش لە نزیکەوە ئاگادار بوون و بەو بۆنەیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "پاش نزیکەی دوو ساڵ و نیو جارێکی دیکە ئێمەتان سەربەرزکردو تەشریفتان هێناو لە خزمەتتان بووین لە سەنگەرەکان لە چیای زەرتک و سەریری موسڵ و دەورووبەریمان دەکرد، ئەمە ئاسان نەبوو بەڵکو بە خوێنی شەهیدە قارەمانەکانی پێشمەرگە و پشتیوانی هێزی هاوپەیمانان بوو، کە فەڕەنسا رۆڵێکی ئەساسی دەبینی لەو هاوپەیمانییەدا".
بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە "راستە ئێستا شەڕ لەناو جەرگەی داعشە، بەڵام مانای ئەوە نییە کە داعش لەڕووی سەربازییەوە تێکشکا، شەڕی داعش و هەڕەشەی تیرۆر کۆتایی پێدێت، رەنگە لەژێر ناوی دیکەو پەردەی دیکە رووبەڕووی تیرۆر ببینەوە، بۆیە ئەم هاوکاریی و هاوپەیمانە پێویستە بەردەوام بێت" و هیواشی خواست ئەنجامەکەی شکستی داعشی لێ بکەوێتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا داوای کرد فەڕەنسا لەسەر سیاسەتەکانی بۆ پشتیوانی هەرێمی کوردستان سوور بێ و گوتی: "ئومێدێکی زۆرمان پێتانە، ئومێدیشمان وایە لە ئاییندەش فەڕەنسا ببینین لە پشت خۆمان بۆ ئەوەی بگەین بە هەموو ئاواتەکانمان".
دواتر سەرۆکی فەڕەنسا فڕانسوا ئۆلاند لە گوتەیەکدا ئەرکی هێزەکانی فەڕەنسای لە عێراق و هەرێمی کوردستان روون کردەوە و گوتی: "فەڕەنسا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکات".
سەرۆکی فەڕنسا گوتیشی: "بە بێ قوربانی و بە بێ ئازایەتی پێشمەرگە ئەستەم بوو داعش تێک بشکێنرێ" و باسی لەو ناوچانەش کرد کە کەمینە ئایینییەکانی تێدا نیشتەجێ و بە دەستی پێشمەرگە رزگار کراون و گوتی: "ئیتر کەمینە ئایینییەکان لەم ناوچانە لە ئاییندەی خۆیان ناترسێن".
ئۆلاند گوتیشی کە هەموو جیهان دەبێ هەست بە بەرپرسیاریتی بکات و رووبەڕووبوونەوەی داعش تەنیا ئەرکی پێشمەرگە نییە. جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوام دەبن لەسەر هاوکارییە مرۆییەکان.
سەرۆکی فەڕەنسا لە قسەکانیدا ئاماژەی بە دۆخی مووسڵ کردو گوتی: "دەبێ چارەسەرێکی سیاسی هەبێ بۆ قۆناغی دوای شەڕی مووسڵ و پێویستە لەم شارە هەموو پێکەوە بژین و رێبەرییەک هەبێ کە ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان بەرپا بکات چارەنووسی هاوبەشی شارەکە دیاری بکات".
لە کۆتاییدا سەرۆکی فەڕەنسا فڕانسوا ئۆلاند جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەمەهەنگی و هاوکاریی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا بەردەوام بێت.