Hemin Hüseyin
02 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2017
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە چەکدارانی پەکەکە رێگرن لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەی شنگال و لەمبارەیەوە گوتی: "مانەوەی پەکەکە رێگرە لە ئاوەدانبوونەوەی شنگال، دیارە ئێستا خەڵکی ناوچەکانی شنگال و دەوروبەری دەیانەوێت ئەو ھێزانە لەو ناوچەیە نەمێنێت، بۆیە ناکرێت ھیچ ئینکارییەکی لەسەر بکرێت، داواکارین پەکەکە لە شنگال بکشێتەوە چونکە رێگرە لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە".
سەبارەت بە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانیش، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجامدراون و بەردەوامیش دەبین، بە دڵنیاییەوە لە دوای پشووەکانیش کۆبوونەوەکان دەست پێدەکەنەوە و یەکەمجاریش لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی کۆدەبینەوە".
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند کە دوای رێککەوتن لەناو خۆمان ئەوا شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا کۆدەبێتەوە.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ھەرێمی کوردستان ھیچ کێلگەیەکی نەوتی بە تورکیا نەفرۆشتووە و ئەو قسانەی لە سۆشیال میدیا کراون دوورن لە راستییەوە".
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "رۆژی 5ی ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی تورکیا دەگاتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا کۆدەبێتەوە، دوای ئەوای ئەوەش سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات و لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و تورکیا گفتوگۆ دەکەین".
ھەروەھا نیگەرانی خۆشی لە رووداوەکانی شاری ئیستانبوڵ نیشاندا کە لە شەوی سەری ساڵدا کردەوەیەکی تیرۆریستی تێیدا روویدا و ژمارەک خەڵک بوونە قوربانی.
لەبارەی بوودجەی ساڵی ٢٠١٧ی عێراق سەرۆکی حکوومەتی هەرێم گوتی: "ئەو ژمارانەی کە ھەیە خستوومانەتە بەردەست حکوومەتی عێراقی و لەگەڵ نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆبووینەتەوە و قسەی خۆمان بۆ کردوون بەڵام بەداخەوە ئەوان وەک ئەوەی ھیچیان نەبیستبێت وایە، بەڵام ئەو بوودجەیەی لەبەغدا بڕیاری لەسەر دراوە لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان نییە".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو کێشەیەی کە لە کوردستان روویداوە قەیرانی داراییە کە لە وڵاتانی ناوچەکە روویدا بەھۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە بووە و ئێمەش لە ھەوڵی چارەسەری کێشەکەداین.
سەبارەت بە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بۆ وڵاتی ئێران، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی ئێران دەکات، بەڵام جارێ دیارنییە کەی دەیکات و چۆن دەچێت جارێ لەسەری رێکنەکەوتووین".