Abdullah Shukur
02 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2017
تاران - AA
جێگری سەرکۆماری عێراق نوری مالکی، رایگەیاند کە ئەگەر پێویست بێت ئەوا لەوانەیە ھێزی حەشدی شەعبی رەوانەی سووریا بکرێت.
مالکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھۆڵی کۆنفرانسی ئازادی لە شاری تارانی پایتەختی ئێران وتارێکی پێشکەش کرد و لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە دەگوترێ لە دوای پاککردنەوەی مووسڵ لە دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ھێزەکانی حەشدی شەعبی بەرەو سووریا رەوان بکرێن. مالکی گوتی: "ئەگەر ئێمە بەسەر داعش سەرکەوتوو بین و خاکمان رزگار بکەین، لە دوای ئەمەش برایانمان لە سووریا لەبارەی داعش پێویستیان بە ھاوکاری ببێت، ئەوا دەچینە سووریا".
جێگری سەرکۆماری عێراق نوری مالکی رەخنەی زۆری لێ دەگیرێت بەھۆی ئەوەی لە سەردەمی سەرۆکایەتی وەزیرانی ئەو، یەک لەسەر سێی خاکی عێراق کەوتبووە دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
لە لایەکی دیکەش سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی لەبارەی بوونی چەند گرووپێکی سەر بە حەشدی شەعبی لە سووریا رایگەیاندبوو کە ئەو میلیشیایانە نوێنەرایەتی ئەوان ناکات. لەمبارەیەوە زیاتر گوتیشی: "بانگھێشتی گشت ئەو گرووپانەی ژێر چەتری حەشدی شەعبی دەکەم، کە پابەندی سیاسەتی "دەستێوەرنەدان لە کاروباری دەرەوەی وڵاتان" ببن. ھیچ گرووپێکی بەدەر لەم پێکھاتەیە نوێنەرایەتی ئێمە ناکات. گرووپەکانی نێو حەشدی شەعبی پێویستە رێز لە وڵاتانی دراوسێ بگرن. شەڕکردن لە دەرەوەی عێراق ئەرکی ئێمە سووک ناکات و ناشمانەوێت ببینە پارچەیەک لە پێکدادانی ناوچەیی".