Mazın Asad
07 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2017
ھامبورگ - AA
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین بۆ یەکەمجار رووبەڕوو لەگەڵ یەکتر کۆبوونەوە.
لە پەراوێزی لوتکەی سەرکردەکانی G20 لە شاری ھامبورگی ئەڵمانیا، ترەمپ و پوتین بۆ یەکەمجار رووبەڕوو کۆبوونەوە.
لەکاتی وێنەگرتندا بەر لە کۆبوونەوەکە، ترەمپ لە لێدوانێکی کورتدا خۆشحاڵی خۆی لەمەڕ کۆبوونەوەی لەگەڵ پوتین دەربڕی و رایگەیاند ئەم کۆبوونەوەیە بۆ خۆی مایەی شکۆمەندییە.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە پێشتر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان لەگەڵ پوتین بە باشی بەڕێوە چووە کە تاوتوێی چەندین پرسیان کردووە و گوتیشی: "لەگەڵ پوتین کۆبوونەوەی زۆر باشمان ئەنجام دابوو. ئێستا کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەین و بە راستی ئەمە درێژەی دەبێت".
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند چاوەڕێی ئەنجامدانی کارێکی زۆر ئەرێنین لەگەڵ رووسیا و ھەموو لایەکدا.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئاماژەی بەوە دا کە چەند جار بە تەلەفۆن لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و پێشھاتە گرنگەکانی نێودەوڵەتی، گفتوگۆی لەگەڵ ترەمپ کردووە و گوتیشی: "بەڵام پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان بەس نییە. لە پێناو بەدەستھێنانی ئەنجامی بەرجەرستە لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، پێویست بە کۆبوونەوە شەخسییەکان ھەیە".
پوتین خۆشخاڵی خۆی لەمەڕ ناسینی ترەمپ دەربڕی و رایگەیاند چاوەڕی ئەنجامی ئەرێنی لە کۆبوونەوەکە دەکەن.
ھەریەک لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رێکس تیلەرسن و وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.