Ramal Abdullah Mahmood
06 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2017
نەتەوە یەکگرتووەکان – AA
دوای تاقیکردنەوەی مووشەکێکی بالیستیکی دوورمەودای کیشوەربڕ لە لایەن کۆریای باکوور، ئەمریکا رایگەیاند سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنێت و پڕۆژە بڕیارێک ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای ژاپۆن و کۆریای باشوور بەپەلە کۆبۆوە.
نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نیکی هالی لە لێدوانێکیدا لە ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند تاقیکردنەوە مووشەکیەکەی کۆریای باکوور مەترسی زیاتر دەخاتە سەر جیهان.
نیکی هالی ئاماژەی بەوەدا لە رۆژانی داهاتودا پڕۆژە بڕیارێکی نوێ لە بارەی کۆریای باکوورەوە دەبەنە ئەنجوومەنی ئاسایش و چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە هەموو ئەندامان پشتگیریی بکەن .
ناوبراو لەبارەی کرۆکی پڕۆژە بڕیارەکەوە نەچووە ناو وردەکاری و ئاماژەی بەوە دا کە پلانیان بۆ چڕکردنەوەی سزاکانی سەر کۆریای باکوور داناوە.
نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نیکی هالی هۆشداری دایە ئەو وڵاتانەی کە وێڕای بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتا پەیوەندی بازرگانییان لەگەڵ کۆریای باکووردا هەیە و، بە پێویستیشی زانی ئەو وڵاتانە چاوەڕێی ئەوە نەبن ئەمریکا بازرگانیان لەگەڵدا بکات.
نیکی هالی ئاماژەی بەوە دا کە تەنها مەبەستیان کۆریای باکوور نییە و، گوتی: "بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین کە بارزگانی لەگەڵ ئەو رژێمە نایاساییە دەکەن".
نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نیکی هالی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئامادەی کارکردنن لەگەڵ هەموو وڵاتان بە چینیشەوە، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە هەموو وڵاتان بەرپرسیارییەتی یاسایی نێودەوڵەتیان لە ئەستۆدایە کە خۆی دەبینێتەوە لە جێبەجێکردنی سزاکان بە توندی.