Sinan Doğan
08 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2021
بۆگۆتا - AA
لەو ئۆپەراسیۆنانەی کرانە سەر ئەو گومانلێکراوانەی بانگەشەی ئەوە دەکرێت هێرشی سەر سەرۆکی هایتی، خۆڤێنێل مۆيس-یان ئەنجامداوە، چوار کەس کوژران و دوو کەسیش دەستگیرکراون.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیای ناوچەکەدا بڵاوکراونەتەوە، هێزە ئەمنییەکانی هایتی، بەمەبەستی دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی تیرۆرکردنی خۆڤێنێل مۆیس، لەسەرانسەری وڵاتدا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان ئەنجامداوە.
لەو ئۆپەراسیۆنانەی لە دوای دیاریکردنی شوێنی گومانلێکراوان ئەنجامدراون، چوار کەسی چەکدار کوژراون و دوو کەسی دیکەش دەستگیرکراون.
سەرۆکوەزیرانی کاتی هایتی، کلاودی جۆسێف ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنجامدەرانی هێرشەکە سەربازانی بەکرێگیراوی بیانیی بوون و بە زمانەکانی ئینگلیزی و ئیسپانی قسەیان کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کراوە، دەرکەوتووە کە سەرۆکی هایتی، خۆڤێنێل مۆيس لە کاتی هێرشەکەدا، ١٢ گوللەی بەرکەوتووە.
دوێنێ سەرۆکی هایتی، خۆڤێنێل مۆيس کە تەمەنی ٥٣ ساڵ بوو لە ماڵەکی خۆیدا لەلایەن گرووپێک چەکداری نەناسراوەوە هێرش کرایە سەری و تیرۆرکرا، هاوسەرەکەشی مارتینی مۆیس بریندار بوو.
لە دوای تیرۆرکردنی خۆڤێنێل مۆیس، سەرۆکوەزیرانی کاتی هایتی، کلاودی جۆسێف باری لەناکاوی لە وڵاتدا راگەیاند.