Islam Doğru
22 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2021
نیویۆرک- AA
٥٦ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی بانگخوازی ئەمریکی، مالکۆم ئێکس تێپەڕی.
مالکۆم ئێکس بە هەڵوێستە دژبە نەژادپەرستی ناسرابوو و یەکێک بوو لەو کەسایەتییانەی کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم بەتایبەت لە مێژووی ئەمریکا رۆڵێکی گرنگیان هەبووە.
ناوی تەواوی مالکۆم ئێکس لیتڵ-ە و لە ١٩ی ئایاری ١٩٢٥ وەک منداڵی چوارەمی خێزانێکی حەوت منداڵی لە شاری ئۆماها سەربە ویلایەتی نێبراسکا ناوەڕاستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاتووەتە دنیاوە.
دایکی لە سەندیکایەکی بەرگریکردن لە مافی رەشپێستەکان سکرتێر بوو و باوکیشی قەسەیەکی دژبە نەژادپەرستی.
بەهۆی هەڵوێستی دایک و باوکییەوە خێزانی لیتڵ هەمیشە ناچاربوون لە ویلایەتێکەوە بۆ ویلایەتێکی دیکە کۆچ بکەن.
کاتێک مالکۆم ئێکس تەمەنی چوار ساڵ بوو، شەوێک ئاگر بەردرایە ماڵەکەیان، کاتێکیش تەمەنی شەش ساڵان بوو، باوکی لە رووداوێکی تەمومژاویدا بەمردوویی دۆزرایەوە.
دوای ئەم رووداوە دایکیشی دووچاری شێوانی هاوسەنگی دەروونی بوو و دواتر کاتێک مالکۆم ئێکس لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بوو، دایکی برایە نەخۆشخانەی نەخۆشییە دەروونییەکان لە ویلایەتی میشیگان و بۆ ماوەی ٢٦ ساڵ لە نەخۆشخانەدا مایەوە.
مالکۆم ئێکس لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا و بەهۆی نەمانی دایک و باوکییەوە بۆ ماوەیەک لەلای خێزانێکی خانەخوێ مایەوە.
ناوبراو، هەرچەندە لە قوتابخانە قوتابییەکی سەرکەوتوبوو و دەیویست ببێت بە پارێزەر، بەڵام بەهۆی ئەوەی مامۆستایەکی سپیپێستی پێی گوتبوو کە "باشترە ببێت بە دارتاش"، وازی لە خوێندن هێنا و لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا چووە لای زڕخوشکەکەی لە شاری بۆستۆن و دەستی بە کاری بۆیاخکردنی پێڵاو کرد.
دواتر چەندین کاری دیکەشی تاقیکردەوە تا دواجار چەند مانگێک پێش ئەوەی ببێتە ٢١ ساڵ، بەتۆمەتی "بێڕەوشتی و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر" زیندانی کرا و بە ١٠ ساڵ بەندکردن سزا درا.
زیندان گرنگترین خاڵی وەرچەرخان بوو لە ژیانی مالکۆم ئێکس، چونکە ساڵانی زیندانیکردنی بە خوێندەوەی کتێبەوە بەسەربرد و هەر لەوێش بە رەوتی "Nation of Islam" ئاشنا بوو کە بانگخوازی ئەمریکی ئەلیجا محەمەد رابەرایەتی دەکرد.
مالکۆم ئێکس، کاتێک ساڵی ١٩٥٢ لە زیندان هاتەدەر راستەوخۆ پەیوەندی بەو رەوتەوە کرد و لە یەکەم کاریدا نازناوی "لیتڵ"ی رەتکردەوە کە بە مانای بچووک دێت و کاتێک سپیپێستەکان باپیرانیان لە ئەفریقاوە وەک کۆیلە هێناوەتە ئەمریکا بۆ سووکایەتی پێکردن ئەم ناوەیان لە بنەماڵەکەیان ناوە، مالکۆم، لەبری ئەوە نازناوی "ئێکس"ی بۆ خۆی هەڵبژارد کە هێمایە بۆ نازناوە نەزانراوەکەی کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەفریقا.
مالکۆم ئێکس بووە یەکێک لە چالاکترین ئەندامەکانی "Nation of Islam" کە سەرەتا تەنها ٤٠٠ ئەندامی هەبوو، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەی ئەندامەکانی گەیاندە ٤٠ هەزار ئەندام.
لە ساڵی ١٩٥٨ لەگەڵ دکتۆر بیتی ساندەرس ژیانی هاوسەری پێکهێنا و بوونە خاوەنی شەش منداڵ.
هەر لەو ساڵانەدا مالکۆم ئێکس لە زانکۆ و راگەیاندنەکاندا سەدان کۆنفڕانسی پێشکەش کرد، بەهۆی ئەوەی لە گوتەکانیدا باسی لەوە کردبوو کە توندوتیژی نەژادپەرستانەی سپیپێستەکان ئەگەر پێویست بکات دەبێت بە توندوتیژی وەڵامبدرێتەوە، چووە لیستی سووری "FBI" و خرایە ژێر چاودێرییەکی توندەوە.
مالکۆم ئێکس لە ساڵی ١٩٥٩ سەردانی وڵاتانی گانا، سوودان، نێجیریا، ئێران، سووریا و میسر و ئیماراتی کرد و لەگەڵ رابەرە سیاسیی و ئایینییەکانی ئەو وڵاتانە کۆبووەوە.
بەهۆی بەتوانایی لە گوتاردان، مالکۆم ئێکس تەنانەت لە ناوخۆی رەوتی "Nation of Islam" ناحەزی بۆ پەیدابوو و بەهۆی ئەوەی لەسەر کوژرانی سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا، جۆن کێنەدی، گوتبووی "چی بچێنیت، ئەوە دەدرویتەوە" سەرۆکایەتی رەوتەکە بۆ ماوەی سێ مانگ گوتاردانیان لێ قەدەغە کرد.
مالکۆم ئێکس لە ساڵی ١٩٦٤ بەتەواوی وازی لە رەوتی "Nation of Islam" هێنا و لە نیسانی هەمان ساڵدا چوو بۆ حەج، کاتێک برایەتی و پێکەوەیی موسڵمانانی لە خاکی پیرۆز بینی، گەیشتە ئەو باوەڕەی ئیسلام تەنها چارەسەرە بۆ کۆتاییهێنان بەو نەژادپەرستییەی لە ئەمریکا هەیە.
دوای گەڕانەوەی لە حەج، بەهاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی کرد بە کارکردن لەسەر چەند پڕۆژەیەک کە ئامانجیان ناساندنی ئەو ستەمە بوو کە لە ئەمریکا بەرامبەر هاووڵاتییانی رەشپێست ئەنجامدەدرێت.
لەگەڵ زیادبوونی فشارەکاندا کاتژمێر ٠٣:٣٠ی رۆژی ١٤ی شوباتی ١٩٦٥ بۆمبێک فڕێدرایە ناو ماڵەکەیانەوە، بەڵام بەزیندوویی لەم پەلامارە رزگاری بوو، هەفتەیەک دواتر و لە کاتی کۆنفڕانسێکدا لەڕێی دەستڕێژی گولـلە تیرۆر کرا.
تا ئێستاش کوژرانی مالکۆم ئێکس وەک رووداوێکی تەمومژاوی ماوەتەوە و ئەنجامدەرە راستەقینەکەی دیار نییە.