Firdevs Yüksel
22 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2021
ئیستانبوڵ- AA
رۆژی هەینی نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت تا ٦٣ دۆلار و ٩٤ سەنت بەرزبووەوە و رۆژەکەی بە ٦٢ دۆلار و ١٤ سەنت تەواو کرد.
کاتژمێر ٠٩:٤٢ی بەیانی ئەمڕۆ، نرخەکان بە رێژەی سەدا ١،٤٠ بەرزبوونەوەیان بەخۆوەبینی و بەرمیلێک خاوی برێنت بە ٦٣ دۆلار و یەک سەنت فرۆشرا.
لە هەمان کاتدا بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس بە ٦٠ دۆلار و دوو سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دووبارە چالاکبوونەوەی کەرتی بەرهەمهێنان لە ویلایەتی تێکساس کە بە ناوەندی وزەی ئەمریکا ناسراوە، کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان هەبوو، ئەمەش دوای ئەوە هات کە بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بەرهەمهێنان لەو ویلایەتە گورزێکی گەورەی بەرکەوتبوو.
چاوەڕوان دەکرێت دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکان چەند رۆژێک و ئاساییبوونەوەی رەوشەکە لە پاڵاوگە گەورەکان چەند مانگێک بخایەنێت.
هەڵمەتەکانی ڤاکسیندان دژبە کۆرۆنا ئومێدەکانی زیادبوونی نرخی نەوتی زیاتر کردووە و بە بڕوای پسپۆڕان، تا ماوەیەکی درێژ ئاستی بەرهەمهێنان لە ئەمریکا لە کاتی پێش بڵاوبوونەوەی پەتاکە کەمتر دەبێت ئەمەش هاوسەنگی ئاستی خستنەبازاڕ و خواست لەسەر نەوت لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا بەهێز دەکات.
بەگوێرەی ئەو ئامارە هەفتەییانەی کە کۆمپانیای بەیکەر هوگس-ی تایبەت بە بواری نەوت بڵاوی کردوونەتەوە، ژمارەی سەکۆکانی هەڵکەندنی بیرە نەوت لە ئەمریکا لە ١٣-١٩ی شوباتدا بەراورد بە هەفتەی پێش خۆی یەک سەکۆ کەمی کردوە و بووەتە ٣٠٥ سەکۆ.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لە ٢٦ی شوباتدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پاکێجی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتوانی کۆرۆنا بخاتە دەنگدانەوە، ئەگەر لە دەنگدانەکەدا پاکێجەکە پەسەند بکرێت ئەوا دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی پیران و ئەم هەنگاوانەش کاریگەرییان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەبووە.
لە لایەکی دیکەشەوە مەترسییەکانی پەتای کۆرۆنا بەردەوامن و ئەمەش رەوشی بازاڕی دووچاری شڵەژان کردووە.