07 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق رایگەیاند كە دەستەیەكی بە ئامانجی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی تیرۆركردن لە بەغدای پایتەخت و سەرجەم پارێزگاكانی دیكە پێكهێناوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە، دەستەكە لە سێ دادوەر و ئەندامێكی داواكاری گشتیی پێكهاتووە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی تیرۆركردن لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاكانی دیكە دەكەن.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت كە دوێنێ دووشەممە شرۆڤەكاری بواری ئەمنیی، هیشام هاشمی لە بەردەم ماڵەكەی لە ناوچەی زەیونە لە شاری بەغدا لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوە، تیرۆركرا.
تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی خۆی لە تیرۆركردنی هیشام هاشمی رانەگەیاندووە.
هیشام هاشمی ساڵی ١٩٧٣ لە بەغدا لەدایكبووە و شارەزا و شرۆڤەكار بووە لە بواری گرووپە چەكدارەكان و چەندین لێكۆڵینەوەی لەوبوارەدا هەیە.