ژمارەی کوژراوانی کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل لە غەززە گەیشتە ٣٣ ھەزار و ٩٧٠ کەس
لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل حەوت کۆمەڵکوژی دیکەی دژبە فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە ئەنجامداوە و لە ئاکامدا، ٧١ کەس کوژراون.
Arbil
غەززە ــ AA
لە ئاکامی کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل لە غەززە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣وە تا ئێستا بەردەوامن، ٣٣ ھەزار و ٩٧٠ فەڵەستینی کوژراون.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە لە ڕاگەیەندراوێکدا، دوایین ئاماری لەبارەی ژمارەی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کە ماوەی ١٩٥ ڕۆژە بەردەوامن، خستەڕوو.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، حەوت کۆمەڵکوژی دیکە دژبە فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون و لە ئاکامدا، ٧١ کەس کوژراون و ١٠٦ی دیکەش برینداربوون.
ڕاشیگەیاندووە، ژمارەی ئەو فەڵەستینییانەی کە تا ئێستا لە ئاکامی کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیلدا لە غەززە کوژراون، بەرزبووەتەوە بۆ ٣٣ ھەزار و ٩٧٠ کەس و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە ٧٦ ھەزار و ٧٧٠ کەس.