ژمارەی کوژراوانی کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل لە غەززە گەیشتە ٣٤ ھەزار و ٥٣٥ کەس
لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل پێنج کۆمەڵکوژی دیکەی دژبە فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە ئەنجامداوە و لە ئاکامدا، ٤٧ کەس کوژراون و ٦١ی دیکەش برینداربوون.
Arbil
غەززە ــ AA
لە ئاکامی کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل لە غەززە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣وە تا ئێستا بەردەوامن، ٣٤ ھەزار و ٥٣٥ فەڵەستینی کوژراون.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە لە ڕاگەیاندراوێکدا، دوایین ئاماری لەبارەی ژمارەی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کە ماوەی ٢٠٧ ڕۆژە بەردەوامن، خستەڕوو.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، پێنج کۆمەڵکوژی دیکە دژبە فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون و لە ئاکامدا، ٤٧ کەس کوژراون و ٦١ی دیکەش برینداربوون.
ڕاشیگەیاندووە، ژمارەی ئەو فەڵەستینییانەی کە تا ئێستا لە ئاکامی کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیلدا لە غەززە کوژراون، بەرزبووەتەوە بۆ ٣٤ ھەزار و ٥٣٥ کەس و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە ٧٧ ھەزار و ٧٠٤ کەس.