Sinan Doğan
02 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 05 مای,س 2024
بۆگۆتا - AA
سەرکۆماری کۆڵۆمبیا، گوستاڤۆ پێترۆ ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی سەر گەلی فەڵەستین لە غەززە، پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل دەپچڕێنن.
لە میانی بەشداری کردنی لە ئاهەنگەکانی "یەکی ئایار، ڕۆژی کرێکاران"دا کە لە بۆگۆتای پایتەخت بەڕێوەچوو، پێترۆ لە مەیدانی مێژوویی بۆلیڤار گوتارێکی پێشکەش بە گەلەکەی کرد.
سەرکۆماری کۆڵۆمبیا پێترۆ، بە ئاماژەدان بەوەی پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل دەپچڕێنن، ڕایگەیاند: "ئەوەیش بەهۆی ئەوەی ڕێبەر و حکوومەتێکی ئەنجامدەری کۆمەڵکوژییە".
پێترۆ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئیسرائیل لە غەززە کۆمەڵکوژیی ئەنجامداوە و ڕایگەیاند: "هەموو مرۆڤایەتی کە ئەمڕۆ ڕژاونەتە مەیدانەکان لەگەڵ ئێمەدا هاوبیرن؛ ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی کۆمەڵکوژیی. ناتوانین تەماشاکاری لەناوبردنی تەواوی گەلێک بین بە بەرچاوی هەموو مرۆڤایەتییەوە، ئەگەر فەڵەستین بمرێت، ئەوا هەموو مرۆڤایەتیی دەمرێت".
سەرکۆماری کۆڵۆمبیا پێترۆ، لە ٢٦ی ئاداردا هۆشداری دا لەبارەی ئەوەی کە ئەگەر ئیسرائیل پابەند نەبێت بەو بڕیارەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی پەسەند کرا کە داوای ئاگەبەست دەکات لە غەززە، ئەوا پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵدا دەپچڕێنێت.