Sangar Hamad Azeez
18 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2016
بەهۆی ئەو بوومەلەرزەی رۆژی هەینی رابردوو و وڵاتی ئیکوادۆری هەژاند لە باشووری ئەمریکا، تاوەکو ئێستا ٢٧٢ کەس گیانیان لەدەست داوە.
جێگری سەرۆکی ئیکوادۆر خۆرگی گلاس سەردانی شاری مانتای کرد لە وڵاتەکە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.
لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەنووسان ناوبراو گوتی: "ئەو بوومەلەرزە بەهێزترین بوومەلەرزەیە کە وڵاتەکەی هەژاندبێت لە ساڵی ١٩٧٩ەوە تا ئێستا.هەرکەسێک ئەگەر بە ئەستەم دەنگی لێوەبێت لە ژێرداروپەردووی بینا رووخاوەکان پێویستە رزگاریان بکەین. ئەگەر پەلە نەکەین لە رزگارکرردنی بریندارەکان ئەگەری هەیە زیانێکی گیانی زۆرمان بەر بکەوێت".
تا ئێستا نەتوانراوە پەیوەندی بە ناوچەکانی دەرەوەی شار بکرێت و ئەمەش مەترسی ئەوەی لێدەکرێت کە ببێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی قوربانیان.
هاوکات ترسی ئەوە لە ئارادایە کە بوومەلەرزەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا جارێکی دیکەش رووبدات.
شارەکانی مانتا، پۆرتۆڤیۆ و گوایەکویل کە زۆرترین کاریگەری بوومەلەرزەکەیان بەرکەوتووە بەهۆیەوە بە هەزاران خانوو رووخاون.
لەم نێوەندەش ١٨٠ زیندانی لە زیندانی شاری پۆریڤیۆ هەڵاتوون.