Büşra Selvi Öğütcen
26 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2020
پەکین - AA
وەزارەتی بەرگریی چین، بەهۆی بەزاندنی سنوور لەلایەن فڕۆکەیەکی سیخوڕییەوە لە میانی مانۆڕێکدا، کاردانەوەی بەرامبەر ئەمریکا نیشان دا.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین، ڤو چین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە فڕۆکەیەکی سیخوڕیی لە جۆری U-2ی سەربە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە میانی بەڕێوەچوونی مانۆڕێکدا، چووەتە ناوچەی قەدەغەکراوی لە باکووری چین، ئەوەیش بەڕوونی شەر فرۆشتنە.
ڤو چین جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو کردەیە لەکاتێکدا بووە کە چالاکی ئاسایی لە مانۆڕەکەدا، بەڕێوەچووە.
ڤو چین باسی لەوە کرد کە فڕینی فڕۆکەکە لە ناوچەی قەدەغەکراو، رەنگە ببێتە هۆی دەرکردنی بڕیاری هەڵە و تەنانەت روودانی رووداوی نەخوازراوی ئاسمانیی-دەریایی، لەبەرئەوە بەتوندی پرۆتێستۆی ئەو کردەیەیان کردووە و داوایان لە ئەمریکا کردووە کۆتایی بەو جۆرە کردانە بهێنێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەیش کراوە کە مانۆڕەکە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی باکووری چین بەڕێوەدەبرێت، بەڵام وردەکاری لەبارەی کات و شوێنەکەی نەخراوەتەڕوو.
لەم نێوەندەدا، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی خۆرهەڵات، کۆلۆنێل ژانگ جونهوی ئاشکرای کرد کە فەرماندەییەکە لە ئامادەباشییدا دەبێت و هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی گێچەڵەکان و پاراستنی سەروەریی نیشتمانیی و یەکپارچەیی خاکی وڵات.
لەلایەکی دیکەوە، ئاسایشی دەریای چین بڵاوی کردەوە کە لە ٢٤ی ئاب تا ٣٠ ئەیلوولی داهاتوو مانۆڕ لە کەنداوی بۆهای خۆرهەڵاتی پەکین ئەنجام دەدات.