Emre Aytekin
09 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2023
پەکین - AA
چین رایگەیاند کە مانۆڕێکی سەربازیی "دژبە هاوکاریی لایەنگرانی سەربەخۆیی و زلهێزە بیانییەکان" لە تایوان لە دەوروبەری دوورگەکە ئەنجامداوە.
سوپای چین لە رایگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە "مانۆڕ و دەورییەی هاوبەش لە نێوان هێزەکان لە ئاسمان و ناوچە ئاوییەکانی دەوروبەری تایوان ئەنجام درا".
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە مانۆڕەکە جگە لە زیادکردنی توانای ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سەربازەکان، "ئامانجی بەرپەرچدانەوەی هاوکاری نێوان زلهێزە بیانییەکان و هێزەکانی سەربەخۆیی تایوان-ە".
مانۆڕەکە هاوکات بوو لەگەڵ سەردانی شاندێک لە نوێنەرانی پارتی دیموکراتی ئازادی ئەڵمانیا (FDP) بۆ تایوان.
شاندەکە بەمەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە نۆ تا ١٢ی کانوونی دووەم لە تایوان دەبێت.
- ٥٧ فڕۆکە و چوار کەشتی چین لە دەوروبەری دوورگەکەدا بینراون
وەزارەتی بەرگریی تایوان بڵاوی کردەوە کە لە ئێوارەی دوێنێوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ٥٧ فڕۆکە و چوار کەشتی جەنگیی چین لە دەوروبەری دوورگەکە بینراون.
وەزارەتی بەرگریی تایوان لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە فڕۆکەکانی چین بە ئاسمانی باشووری رۆژئاوای ئەو ناوچەیەدا کە تایوان وەک "کایەی دانپیاندراوی بەرگریی ئاسمانی"ی خۆی دیاریی کردووە، فڕیوون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کەشتی و فڕۆکەکانی چین لەلایەن ئامرازەکانی چاودێری ئەلیکترۆنی، کەشتییەکانی دەورییە، کەشتییەکانی دیکە و سیستەمی مووشەکی جێگیرەوە چاودێریی کراون و "ئەو کارەی چین زیانی گەورە بە ئاشتی و سەقامگیری گەرووی تایوان و ئاوەکانی دەوروبەری دەگەیەنێت".