Zehra Ulucak,Mohammed Baqi Hussein,Hemın Othman Mohammed
15 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2019
ئه‌نقه‌ره - AA
له‌م هه‌فته‌یه‌دا له واشنتۆنی پایته‌ختی ئه‌مریكا، كۆبوونه‌وه‌ی به‌رپرسانی باڵای كۆریای باكوور و ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
ئاژانسی هه‌واڵیی یۆنهاپ پشتبه‌ستن به سه‌رچاوه دیپلۆماسییه‌كان بڵاویكردووه‌ته‌وه، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌م هه‌فته‌یه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مایك پۆمپیۆ و جێگری سه‌رۆكی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی كرێكارانی كۆریای باكوور، كیم یۆنگ-چۆل له واشنتۆن كۆببنه‌وه.
سه‌رچاوه‌كه رایگه‌یاندووه، هه‌ردوولا سوورن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی رووبه‌ڕوو و ئه‌گه‌ری زۆره له رۆژانی 17 و 18ی كانوونی دووه‌مدا به‌ڕێوه‌بچێت.
هاوکات رۆژنامه‌ی چۆسون ئیلبۆی كۆریای باشوور بڵاویکردەوە، ئه‌گه‌ری زۆره كیم یۆنگ-چۆل رۆژی پێنجشه‌ممه به‌سه‌ردانێكی دوو رۆژی بگاته واشنتۆنی ئه‌مریكا.
تا ئێستا له لایه‌ن پیۆنگیانگ یان واشنتۆنه‌وه هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی فه‌رمی له‌باره‌ی بابه‌ته‌كه‌وه بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه.
له كاتێكدا پلانی كۆبوونه‌وه‌ی پۆمپیۆ و جێگری سه‌رۆكی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی كرێكارانی كۆریای باكوور كیم داده‌نرا له مانگی تشرینی دووه‌مدا له نیویۆرك، حكوومه‌تی پیۆنگیانگ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ و سه‌رۆكی كۆریای باكوور، كیم جۆنگ-ئون-ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه كه تیایدا بڕیاربوو باس له به‌ستنی دووه‌مین لووتكه و داماڵینی كۆریای باكوور بكه‌ن له چه‌كی ئه‌تۆمیی.
دۆناڵد تره‌مپ و كیم جۆنگ-ئون له 12ی حوزه‌یراندا له سینگاپور كۆبوونه‌وه، دوای لووتكه‌كه هه‌ردوو سه‌رۆك گه‌یشتنه رێككه‌وتن بۆ داماڵینی كۆریای باكوور له چه‌كی ئه‌تۆمی.