Betül Yürük
24 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2021
نیویۆرک- AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵ، رایگەیاند: "سەقامگیری ناوچەکە و جیهان پێویستی بەوەیە کە یەکێتی ئەورووپا لەگەڵ تورکیا هەماهەنگی بکات".
چاوشئۆغڵو، لە میانەی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەکانی خولی حەفتا و شەشەمینی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە شاری نیویۆرک کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بۆرێڵ ئەنجامدا.
دوای کۆبوونەوەکەش وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: "لە کۆبوونەوەکەدا دەربارەی پرسی ئەفغانستان، رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەورووپا دواین. سەقامگیری ناوچەکە و جیهان پێویستی بەوەیە کە یەکێتی ئەورووپا لەگەڵ تورکیا هەماهەنگی بکات".
چاوشئۆغڵو، لە میانەی کۆبوونەوەکانیدا لە نیویۆرک، لەگەڵ هەریەکە لە وەزیری دەرەوەی ئەنگۆلا، تێتێ ئانتۆنیۆ و وەزیری دەرەوەی نەیجەر، حەسومی ماساۆودۆ کۆبووەوە.