Eşref Musa, Ethem Emre Özcan, Mehmet Burak Karacaoğlu
05 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2021
دەرعا/ گرێ سپی - AA
رژێمی بەشار ئەسەد ئاگربەستی شاری دەرعا باشووری سووریای شکاند و شەوی رابردوو، پەلاماری چڕی بۆسەر دەرعا بەلەد کە ماوەی دوو مانگ و نیوە گەمارۆی داوە، دەست پێ کرد.
ئەیمەن ئەبو نوقتە، گوتەبێژی کۆمەڵەی حوڕان کە کۆمەڵەیەکی تایبەت بە چالاکوانانی شاری دەرعا-یە لە لێدوانێکیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە ماوەی دوو مانگ و نیوە ئەو گەڕەکە لەژێر گەمارۆی میلیشیا ئێرانییەکانی سەربە سوپای ئەسەد-دایە، بەڵام چوار رۆژ بەرلە ئێستا گەمارۆکە لابراوە و لە شەوی رابردووشەوە، پەلاماری چڕ بۆسەر ئەو گەڕەکە دەستی پێ کردووە.
ناوبراو، ئاماژەی بەوەش دا کە رژێم ئامانجییەتی لەڕێی ئەم پەلامارانەوە دانیشتوانی گەڕەکەکە ناچار بە بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان بکات.
- رووداوەکانی دەرعا چۆن دەستیان پێ کرد؟
رژێمی ئەسەد و رووسیا لە ٢٥ی حوزەیرانی رابردوودا، داوایان لە دانیشتوانی دەرعا بەلەد و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن لەو شارە کرد، چەکە سووکەکانیان بدەن بەدەستەوە و رێگە بدەن ماڵەکانیان بپشکندرێن.
بەڵام ناوەندی رێککەوتن لە دەرعا و دانیشتوانی گەڕەکەکە، بە پاساوی ئەوەی ئەم داواکارییە پێچەوانەی رێککەوتنەکەی تەمووزی ٢٠١٨یە کە بەنێوەندگیری رووسیا و تەنها بۆ رادەستکردنی چەکە قورسەکان لەگەڵ رژێمی ئەسەد ئەنجامیاندابوو، رادەستکردنی چەکە سووکەکانیان رەتکردەوە.
لە بەرامبەردا، رژێمی ئەسەد لە ٢٥ی حوزەیرانی رابردوودا، گەمارۆی خستە سەر ئەو گەڕەکە کە نزیکەی ٤٠ هەزار هاووڵاتی مەدەنی تیادا دەژی.
لە ٢٦ی تەمووزی رابردوویشدا، ناوەندی رێککەوتن لە دەرعا و دانیشتوانی گەڕەکەکە رازی بوون بە رادەستکردنی چەکە سووکەکانیان و رێگەدان بە پشکنینی ماڵەکانیان.
بەڵام رژێمی ئەسەد بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە بەیانی ٢٩ی تەمووزی رابردوودا، هێرشی زەمینی بۆسەر گەڕەکەکە دەست پێ کرد و پڕیشکی ئاڵۆزییەکان بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای دەرعا تەشەنەیان کرد.
لە پێکدادانەکاندا هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن ژمارەیەکی زۆر ئامانجی رژێمی ئەسەد-یان کۆنترۆڵ کرد و ژمارەیەک سەربازیشیان بەدیل گرت.
دواتر کۆمیتەی ناوەندی دەرعا لە یەکی ئەیلوولدا، بە نێوەندگیری رووسیا لەگەڵ رژێمی ئەسەد گەیشتە رێککەوتن بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ و راگەیاندنی ئاگربەست لە گەڕەکی دەرعا ئەلبەلەد.
لە ١٥ی ئاداری ٢٠١١دا، شەپۆلەکانی بەهاری عەرەبی گەیشتە سووریا و بە نووسینی ژمارەیەک دروشم لەسەر دیوارەکانی شاری دەرعا راپەرینی گەلی سووریا دەستی پێ کرد.