Zana Natık Kerem
01 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2018
رۆما ــ AA
پاپای ڤاتیکان، پاپا فرانسیس رایگەیاند کە رەوشی پارێزگای درعا لە سووریا زۆر ئازاربەخشە و داوای کرد خەڵکی مەدەنی پارێزگاکە لە ناخۆشی و نەھامەتییەکان دوور بخرێنەوە.
رادیۆی ڤاتیکان بڵاویکردووەتەوە، پاپا فرانسیس لە گوتەیەکیدا کە لە رێورەسمی ئایینی ئەمڕۆ یەکشەممە پێشکەشی کرد گوتی: "ھێشتا رەوشی سووریا زۆر ئازاربەخشە بە تایبەتیش لە پارێزگای دەرعا کە لە میانی چەند رۆژی رابردوودا لە میانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کە لەو پارێزگایە ئەنجامدراون، ژمارەیەک قوتابخانە و نەخۆشخانە کراونەتە ئامانج، ھەروەھا بە ھەزارەھا کەسیش ئاوارە بوون".
پاپا فرانسیس ئەوەشی گوتووە "جارێکی دیکە بانگەوازی ئەوە دەکەم کە دانیشتوانی پارێزگای دەرعا لە ناخۆشی و نەھامەتییەکان دوور بخرێنەوە".
ماوەی دوو ھەفتەیە ھێزەکانی بەشار ئەسەد بە پاڵپشتی میلیشاکانی سەربە ئێران و پشتیوانی فڕۆکە جەنگەکانی رووسیا ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن لە باشووری سووریا دەستپێکردووە کە لە میاندا لە ژمارەیەک شارۆچکەی رۆژھەڵاتی دەرعا پێشڕەوییان کردووە.
لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، بە لانیکەم ٩٧ مەدەنی کوژراون، ھەروەھا ١٥٠ ھەزار مەدەنی ئاوارەی سنووری سووریا لەگەڵ ئوردن و ئیسرائیل بوون.