24 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2019
ئیستانبوڵ ــ AA
جێگری سەرۆكی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، عیقاب یەحیا داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە هێرشەكانی رژێمی بەشار ئەسەد و هاوپەیمانانی بۆسەر پارێزگای ئیدلب بوەستێنێت كە سێ ملیۆن مەدەنی تیایدا نیشتەجێن كە سەدا ٧٥یان ئافرەت و منداڵن.
عیقاب یەحیا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە شاری ئیستانبوڵ ساز كرد كە لەمیانیدا تیشكی خستەسەر دوایین پێشهاتەكانی ئیدلب.
جێگری سەرۆكی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، عیقاب یەحیا گوتی: "هێرشەكانی سەر ئیدلب و ناوچەكانی دەورووبەری بەردەوامن، هێزەكانی رووسیا و رژێمی بەشار ئەسەد لەگەڵ میلیشیاكانی سەربە ئێران، بەشێوەیەكی روون و ئاشكرا تاوانی كۆمەڵكوژی ئەنجام دەدەن".
عیقاب یەحیا گوتیشی: "بۆدرومانكردنی شارو شارۆچكەكانی ئیدلب مەبەستی لێی ئەوەیە زۆرترین زیانی ماددەی و گیانیان بەدواوە بێت و خەڵكێكی زۆریش ئاوارەبن".
جێگری سەرۆكی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، عیقاب یەحیا راشیگەیاند "داوا لە برایانی عەرەب و سەرجەم دۆستانی گەلی سووریا دەكەین كە هەرچی هەوڵ و توانایان هەیە بیخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو كۆمەڵگوژی و تاوانە تیرۆریستانەی كە لەئێستادا لە ئیدلب ئەنجام دەدرێن بوەستێنن".
عیقاب یەحیا رژێمی بەشار ئەسەد و هاوپەیمانانی بەوە تۆمەتبار كرد كە سەرجەم چارەسەرەكانی نێودەوڵەتی رەت دەكەنەوە، چونكە ئەوان تەنها سوورن لەسەر ئەوەی درێژە بدەن بە ئەنجامدانی تاوانی تیرۆریستی و پشتگوێخستنی بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان.
جێگری سەرۆكی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، عیقاب یەحیا ئەوەشی گوت "هەر بەهۆی بۆردومانەكانەوە، ژێرخانی زۆرێك لە دامەزراوە گرنگەكان لە ئیدلب بۆردومانكراون لەوانە خانوو، كەمپی ئاوارەكان، نانەواخانە، نەخۆشخانە، قوتابخانە و وێستگەكانی ئاو كە ئەوەیش هێندەی دیكە خەڵكی مەدەنی لە شارەكە و دەورووبەری تووشی نەهامەتی كردووە، جگە لەوەیش لەئێستادا تیمەكانی بەرگریی شارستانی، كڵاوە سپییەكان لە رەوشێكی مەترسیداردا كارەكانیان ئەنجام دەدەن".
جێگری سەرۆكی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، عیقاب یەحیا باسی لەوەیشكرد كە هاوپەیمانیەتییەكە داوای پێشكەشكردنی پڕۆژە بڕیارەكان دەكات لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە رووسیا بە لایەنێك لە ململانێیەكان لە سووریا هەژمار بكرێت ئەویش پشتبەستن بە بەندی شەش و بڕگەی سێ لە ماددەی ٥٢ لەگەڵ كاراكردنی برگەی سێ لە ماددەی ٢٧ی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان كە تیایاندا مەرجی ئەوە دانراوە رێگە بە وڵاتانی تێوەگلاو لە مڵملانێیەكان نادرێت دەنگ لەسەر پڕۆژە بڕیارەكان بدەن.
عیقاب یەحیا ئاماژەی بەوەیشكرد كە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دۆسیەك رەوانەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست بەرامبەر بە رژێمی بەشار ئەسەد بگرێتەبەر ئەگەر پابەند نەبوو بە بڕیارەكانی نێودەوڵەتی.
جێگری سەرۆكی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، عیقاب یەحیا سەبارەت بە ژمارەی ئاوارەكان گوتی:"بەهۆی هێرشەكانی ئەم دواییەوە، تائێستا دووسەد هەزار كەس ئاوارەبوون كە ٨٠ هەزاریان روویان لە سنووری سووریا لەگەڵ توركیا کردووە".
عیقاب یەحیا گوتیشی: "بەپێچەوانەی ژمارەیەك رێكخراوە مرۆییەكانی توركیا، پاڵپشتی مرۆیی نێودەوڵەتی بۆ ئاوارەكانی ئیدلب سنووردارە، بۆیە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین یارمەتی مرۆیی پێشكەش بە ئاوارەكان بكات".
لە كۆتاییدا ناوبراو گوتی: "رووسیا دەیەوێت رەوشی سووریا بەو شێوەیە كۆتایی پێ بێت كە خۆی دەوێت، چونكە رووسیا پڕۆسەی سیاسی و دووەم دیداری لە جنێڤ (لیژنەی دەستووری) سڕكردووە لە كاتێكدایە هەوڵدەدەین رەوشێكی گونجاو بێتە ئاراوە بۆ چارەسەری سیاسی بەپێی بڕیارەكانی نێودەوڵەتی".