Dmitri Chirciu
17 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2023
مۆسکۆ – AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رێنمایی داوە بە وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی، سێرگی شۆیگو کەشتیگەلی رووسیا بەردەوام بێت لە چاودێری.
کرملین لە راگەیەندراوێکدا سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کە پوتین و شۆیگو لە کۆشکی کرملین کۆبوونەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا شۆیگو زانیاری داوە لەبارەی چاودێرییەکانی کەشتیگەلی رووسیا لە پاسیفیک کە لە ١٤ی نیسانەوە دەستیان پێ کردووە و گوتوویەتی: "لە میانی چاودێرییەکاندا زیاتر لە ٢٥ هەزار سەرباز ئەرکدار کراون، ١٦٧ کەشتی جەنگی، ١٢ ژێرئاوگەڕ، ٨٩ فڕۆکە و هەلیکۆپتەریش خراونەتە گەڕ. یەکە بەشداربووەکان لە ئامادەباشیدان و لە میانی راهێنانی جەنگیدا بەردەوامن لە ئەرکەکانیان".
شۆیگو سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ١٨ی نیسان چاودێرییەکان دەگەنە قۆناغی کۆتایی، دوای ئەنجامدانی کارەکان، یەکەکان دەگەڕێنەوە ئەو خاڵانەی بە یەکجاری لێیان جێگیر کراون.
پوتینیش لای خۆیەوە بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە هێزەکانی رووسیا بەرامبەر ئۆکراینا بەکار دەهێندرێن، گوتی: "ئەرکەکانمان لە ناوچەی پاسیفیک هەڵنەوەشاندووەتەوە و ئەمەش نەبووەتە رۆژەڤ لەلامان. بۆیە داوا دەکەم کارەکانمان لەو روانگەیەوە بەردەوام بن و فراوان بکرێن".