Burak Karacaoğlu,Eşref Musa
05 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2018
ئیدلب - AA
لە ئەنجامی هێرشێکی رژێمی ئەسەد بۆ سەر شارۆچکەی سەراقیب باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا بە گازی کلۆر، حەوت هاووڵاتیی سڤیل کوژران.
بە پێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوەکانی بەرگریی شارستانییەوە دەستیکەوتوون، سەر لە ئێوارەی دوێنێ هێزەکانی سەر بە رژێم لە رێگەی بۆمبی گازی کلۆرەوە هێرشیان بۆ سەر ناوچەیەکەی نیشتەجێبوون لە شارۆچکەی سەراقیب لە سنووری پارێزگای ئیدلب کە بەدەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوەیە، ئەنجامداوە.
وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی راگوزەری سووریا، فیراس جوندی لە لیدوانێکدا بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند ''رژێمی بەشار ئەسەد لە رێگەی گازی کلۆرەوە پەلاماری شارۆچکەی سەراقیب دا''.
فیراس جوندی باسی لەوەکرد لە ئەنجامی ئەو هێرشەی لە رێگەی گازی کلۆرەوە ئەنجامدراوە، حەوت هاووڵاتیی سڤیل کوژراون کە ژمارەیەکیان منداڵن.
ئەو کەسانەشی کە کەوتبوونە ژێر کاریگەریی گازەکەوە لە بنکە تەندروستییەکانی ناوچەکە، چارەسەری پزیشکییان بۆ ئەنجامدرا.
لە ئەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانییە چڕانەی شەوی رابردوو کرانە سەر ئیدلب، هەشت هاووڵاتیی سڤیل کوژران و ٤٠ی دیکەش برینداربوون.
ئیدلب کە دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو ناوچانەی گرژییەکانی تیادا کەمدەکرێنەوە، ماوەی دوو مانگە بەرەوڕووی هێرشی چڕی ئاسمانیی دەبێتەوە. تەنها لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی مانگی کانوونی دووەمدا ٢١١ هاووڵاتیی سڤیل کوژران و هەزار و ٤٤٧ی دیکەش برینداربوون.