Muhammet Ali Kemal
03 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2016
واشنتۆن- AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا نەقیب جێف دەیڤس رایگەیاند تەنانەت ئەگەر بێت و حەشدی شەعبی لەژێر فەرمان و کۆنترۆڵی حکوومەتی عێراقیشدا کاربکات، ئەمریکا پشتیوانیی لێناکات.
نەقیب جێف دەیڤس لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لەپێنتاگۆن مەبەستی بەخشینی زانیاریی سازیکرد، سەبارەت بە دوایین دۆخی شەڕی دژی داعش لە عێراق و پێگەی چەکدارە شیعەکانی ئەو وڵاتە لەلای ئیدارەی ئەمریکا قسەیکرد.
جێف دەیڤس ئاشکرایکرد ئیدارەی ئەمریکا هیچ پلانێکی بۆ پشتیوانییکردن لە گرووپە شیعەکان نییە و جەختی لەوەکردەوە تەنانەت ئەگەر بێت و حەشدی شەعبی لەژێر فەرمان و کۆنترۆڵی حکوومەتی عێراقیشدا کاربکات، سوپای ئەمریکا پشتیوانیی پێشکەش ناکات.
دەیڤس ئاماژەی بەوەکرد ''ئەوانەی لەلێکۆڵینەوە ئەمنییەکان بەسەرکەوتوویی دەردەچن، دەتوانن پشتیوانیی ئێمە بەدەستبهێنن بێجگە لەم گرووپە'' و تەنانەت لەحاڵەتی بەباش تەماشاکردنی حەشدی شەعبی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، ئەمریکا ئامادە نییە هاوکارییان بکات.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پشتڕاستیکردەوە کە چەکدارە شیعەکان لەباشووری مووسڵەوە بەرەو تەلەعفەر بەڕێکەوتوون کە دەکەوێتە دووری 63 کیلۆمەترەوە لە خۆرئاوای شارەکە و گوتی: ''لەئێستادا تا دەگەنە تەلەعفەر دوورییەکی بەرچاو هەیە''.
- سەرکردە کوژراوەکانی ئەلقاعیدە لەسووریا و یەمەن
نەقیب جێف دەیڤس ئەوەشێ پشتڕاستکردەوە ئەو دوو سەرکردەیەی رێکخراوی ئەلقاعیدە کە لەماوەی مانگی رابردوودا لەیەمەن و سووریا کرابوونە ئامانج، کوژراون.
جێف دەیڤس ئاشکرایکرد رۆژی 21ی تشرینی یەکەم لەپارێزگای مەئریب فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا یەکێک لەسەرکردەکانی ئەلقاعیدەی یەمەنیان بەناوی ئەبو هادی ئەلبەیانی کردووەتە ئامانج و لەگەڵ چوار ئەندامی دیکەی رێکخراوەکەدا کوشتوویانن.
گوتیشی رۆژی 17ی تشرینی یەکەم لەشاری ئدلیبی سووریا هەر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانییان ئەنجامداوە و فەرماندەیەکی باڵای ئەلقاعیدەیان بەناوی حەیدەر کارکان کوشتووە. ناوبراو پەیوەندیی لەگەڵ هەموو سەرکردە باڵاکانی ئەلقاعیدە بە ئوسامە بن لادنیشەوە ئەو کاتەی لەژیاندا بووە، هەبووە.
دەیڤس جەختی لەوەکردەوە کارکان یەکێک بووە لەو کەسانەی لەپێکهاتەی رێکخراوی ئەلقاعیدەدا زۆر لەسەرەوە بووە و لێپرسراوی چالاکییەکانی رێکخراوەکە بووە لە سووریا، تورکیا و ئەورووپا.
گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن باسی لەوەکرد زانیارییان لەبەردەستدا نییە کە حەیدەر کارکان پەیوەندیی بە بەرەی فەتحی شام (بەرەی نوسرای پێشوو)ەوە هەبووبێت و کردنە ئامانجیشی لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە، بەهۆی بوونی پەیوەندییەکی لەوجۆرە نەبووە.