دهۆک-AA
فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى، لیوا عەزیز وەیسى:فەرماندەى فەرماندەیى پێشمەرگەى زێرەڤانى، لیوا عەزیز وەیسى رایگەیاند "لە هەموو دەرگایەک دەدەین بۆ ئەوەى بەئاشتیانە و لێکتێگەیشتن پەکەکە لە شنگال دەربکەین، هیودارین پەکەکە هەرێمى کوردستان ناچارى بەکارهێنانى هێز نەکات لە دژیان کە بەکارهێنانى هێز دوایین بژاردەیە، چونکە ئەزموونێکى تاقیکراوەیە کە جەنگ جگە لە وێرانکارى هیچى دیکەى بەدواوە نایەت".
فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى، لیوا عەزیز وەیسى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵوى گوتى: "هیچ بیانویەک بۆ مانەوەى پەکەکە نییە لە شنگال، تەنانەت هیچ مافى مانەوەشى نییە، چونکە بڵێت هاتوومەتە عێراق ئەوا عێراق سەروەرى خۆى هەیە و دەبێت رێزى لێ بگرێت و، بەهەمان شێوەیەش هەرێمى کوردستان سەروەرى خۆى هەیە نابێت پەکەکە پێشێلى سەروەرى خاکى هەرێم بکات، جێگە و مەیدانى پەکەکە شنگال نییە، تا چەند زیاتر لە ناوچەکە بمێننەوە هەڵەى گەورەتر و زیاترى بەدواوە دێت. لە بەرژەوەندى هەموو لایەکە سەرەتا پەکەکە ئینجا حکوومەتى هەرێمى کوردستان و هەموو گەلى کورد کە پەکەکە بەزووترین کات چەکدارەکانى لە شنگال بکشێنێتەوە".
لیوا عەزیز وەیسى گوتیشى: "ئیدارەى شنگال چەندین جار داواى لە پەکەکە کردووە دامودەزگاکانى حکومى شنگال و خانوو و ماڵى هاووڵاتییان چۆڵ بکات بۆ ئەوەى ئاوارەبووانى سنوورەکە بگەڕێنەوە سەر زێدى خۆیان. خەڵک لە پەکەکە دەترسێت، مانەوەیان بەربەستە لەبەردەم گەڕانەوەى خەڵکەکە بۆ شارەکە چونکە خەڵک متمانەى بەو گرووپە چەکدارە نییە و لە هەمان کاتیشدا هاووڵاتییانى شنگال لەو باوەڕەدان کە مانەوەى پەکەکە لە شنگال وا دەکات تورکیا هێز لە ناوچەکە بەکاربهێنێت، بۆ نموونە بۆردومانکردنى بنکە و بارەگاکانى پەکەکە لە ناوچە جیاجیاکانى شنگال. ئەمەیش بەربەستێکى دیکەیە کە بەهۆى پەکەکە لەبەردەم گەڕانەوەى ئاوارەکان دروست بووە".
فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى گوتیشی: "ئەگەر پەکەکە هاوکارییەکى بۆ ئێمە هەبووبێت سوپاسیان دەکەین، بەڵام لە ئێران و سووریاش حزبە كوردييەكان و هێزى چەکدار هاتوونەتە هاوکارى هەرێمى کوردستان لە دژى تیرۆریستانى داعش جەنگاون و بەپێچەوانەى چەکدارانى پەکەکە تا ئێستا لایەنى خێربوون بۆ هەرێمى کوردستان، نەک وەک پەکەکە داگیرکارى لە ناوچەکە پەیڕەو بکەن و ململانێى حزبى بخەنە پێش هەموو ئامانجێک".
لەبارەى دروستکردنى گرووپى جیاجیا لە سنوورى شنگال، فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى لیوا عەزیز وەیسى: "ئەو گرووپە چەکدارانەى لە ژێر ناو و ئاڵاى جیاجیا لە شنگال لەلایەن پەکەکەوە دامەزرێنراون، ئەو هاووڵاتییانەن کە هەڵخەڵەتێنراون و لە خشتەبراون. ئەگەر بابەتەکە هەڵخەڵەتاندن نەبێت هیچ کەسێک تێکەڵى پەکەکە نابێت، ئامانج لەم سیاسەتەى پەکەکە دووبارەکردنەوەى هەمان ئەو سیاسەتەیە کە لە سووریا پەێڕەوى کردووە، بەڵام لە شنگال ئەمەى بۆ ناچێتە سەر، چونکە شنگال خاوەنى خۆى هەیە و پێشمەرگە رزگاریکردووە پێشمەرگەیش دەیپارێزێت، بەهیچ شێوەیەک پەکەکە بۆى نییە خۆى بەخاوەنى شنگال بزانێت".
- "لە کاتێکى گونجاودا داعش لە سنوورى شنگال راودەنێین".
لە ١١ تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠١٥ بەسەرپەرشتى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مسعود بارزانى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارۆچکەى شنگال بە بەشدارى زیاتر لە ٧ هەزار پێشمەرگە ئەنجامدرا و لە ماوەیەکى پێوانەییدا ناوەندى قەزای شنگال و سێ بەشى سنوورى شارۆچکەکە لە چنگ تیرۆریستانی داعش کۆنتڕۆڵکرایەوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى هەریەک لە شارەدێکانى گرعوزێر، رەمبوسى، تلقەسەب، تل بەنات و کۆمەڵگەى سیبا شێخ خدرێ و لەگەڵ ٧ گوندى دیکەی سنوورەکە تا ئێستا بەدواخراوى ماوەتەوە. لەبارەى کۆنتڕۆڵکردنەوەى ئەو ناوچانەى دەست چەکدارانى داعش، لیوا عەزیز وەیسى ئاشکراى دەکات لە کات و ساتێکى گونجاودا هاوشێوەى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى چیاى شنگال و ناوەندی قەزای شنگال ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامدەدەین و سەرکەوتنێکى گەورە بەسەر تیرۆریستانى داعشدا تۆمار دەکەن کە ببێتە جێگەى سەرسوڕمانى هەموو لایەک".
ئاماژەى بەوەشدا کە هێزەکانى پێشمەرگە لەو پەڕى ئامادە باشیدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەى ئەو ناوچانەى شنگال کە تا ئێستا لە دەست داعشدا ماون و، گوتی: "چاوەڕوانى فەرمانى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى هەرێمى کوردستان دەکەین، روونە هەر ئۆپەراسیۆنێکى سەربازى ئەنجام بدرێت لەسەر بنەماى پلان ئەنجام دەدرێت و نابێت ئاشکرا بکرێت".
لە بارەى ئایا شنگال پێویستى بەوە هەیە هێزێکى هاوبەش لەنێوان بەغدا و هەولێرى بۆ دابمەزرێنرێت؟ لە وەڵامدا فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى گوتی: "شنگال پێشمەرگەى تێدایە و فەرماندەى فەرماندەیی شنگالى هەیە کە هێزێکە بۆ یەکەمجارە بەمشێوەیە دروست بکرێت تەواوى پێشمەرگەکانى هاووڵاتییانى شنگالن و گەنجى زۆر بەتوانا و ئازان. لە رزگارکردنى شنگال رۆڵێکى باڵایان هەبووە و لە پاراستنى شنگالیش رۆڵێکى باڵایان هەیە، بەڵام پێویستە زیاتر پڕچەک بکرێن و مەشق و راهێنانى زیاتریان پێ بکرێت و بەرفراوانتر بکرێت، جا ئەم پڕچەککردنە لەلایەن هاوپەیمانان بێت یان لەلایەن خودى هەرێمى کوردستان بێت".
سەبارەت بەبوونى مەترسى لە هەڵگیرسانی شەڕی دیکە، فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى لیوا عەزیز وەیسى گوتى: "هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئاخۆ دواى داعش تووشى شەڕێکى دیکە دەبین یان نا، ئەگەر گەرەنتییەک هەبێت کە هەرێمى کوردستان تووشى هیچ شەڕێکى دیکە نەبێتەوە پێش هەموو پێشمەرگەیەک خۆم چەکى خۆم دادەنێم! چونکە کورد عاشقى شەڕ نەبووە و نابێت. ئەو چەکەى لە شانى ئێمەیە چەکى بەرگریکردنە لە گەلى کورد. بۆیە داواکارین لە هاوپەیمانان کە بەردەوام بن لە مەشقدان و پڕچەککردنى پێشمەرگە".
- "لەسەر ئەو رێککەوتنەى کراوە پێشمەرگە ناچێتە ناو مووسڵ"
لەبارەى بەشدارى پێشمەرگە لە کۆنتڕۆڵکردنەوەى بەشى راستى مووسڵ، لیوا عەزیز وەیسى رایگەیاند "بەپێى ئەو رێککەوتنەى لە نێوان هەولێر و بەغدا کراوە پێشمەرگە ناچێتە ناو مووسڵ، بەڵام پاڵپشت و هاوکار دەبێت بۆ ئەوەى هێزە عێراقییەکان شکست بەتیرۆریستانى داعش بهێنن، ئامانجى هەموو لایەکمانە داعش لەناو بچێت. تا ئێستا لەلایەن حکوومەتى عێراق داوا نەکراوە کە پێشمەرگە بەشدارى شەڕى ناوەندى مووسڵ بێت، بەڵام ئەگەر حکوومەتى عێراق یان هاوپەیمانان داوا لە هەرێمى کوردستان بکات، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى هەرێمى کوردستان، مسعود بارزانى فەرمان بکات بەباشترین شێوە بەشدارى شەڕى کۆڵان بەکۆڵانى مووسڵ دەبین".
گوتیشى: "پێشمەرگە لە ئەرکى پێشمەرگایەتى خۆى بەردەوامە کە پاراستنى ئاسایشى هەرێمى کوردستانە لە هەڕەشەى تیرۆریستان و دوژمنان. بەهەمان شێوە ئێستا پاڵپشتى سوپاى عێراقە لە کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ و لە هەمان کاتیشدا هاوکارە لەگەڵ ئەو دامودەزگایانەى کاروبارى ئاوارەکان بەڕێوە دەبەن".
news_share_descriptionsubscription_contact

