Hakan Çopur
03 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2021
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن، لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بۆ ئیسحاق هێرزۆگ کە وەک سەرۆکی نوێی ئیسرائیل هەڵبژێردراوە، هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات وەک خۆی بەردەوام بێت.
سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن لە پەیامێکدا کە بە بۆنەی هەڵبژاردنی ئیسحاق هێرزۆگ بە سەرۆکی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە، لە ناخی دڵییەوە پیرۆزبایی لە ئیسحاق هێرزۆگ دەکات.
بایدن جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئیسحاق هێرزۆگ لە ژیانی سیاسی خۆیدا هەوڵێکی زۆریداوە بۆ ئاسایشی ئیسرائیل و کۆمەڵگای یەهوودی و رایگەیاندووە، "لە سەردەمی ئیسحاق هێرزۆگ-دا هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەهێزتر دەبێت".
جۆ بایدن هەروەها هیوای سەرکەوتن و سوپاسی سەرۆکی ئیسرائیل رئۆڤین ریڤلین-ی کرد بۆ ئەو ئەرکەی کە لە ماوەی رابردوودا بەڕێوەی بردبوو.
شایەنی باسە دۆینێ چوارشەممە پەرلەمانی ئیسرائیل، سەرۆکی ئاژانسی زایۆنیزم و سەرۆکی پێشووی پارتی کار، ئیسحاق هێرزۆگ بە سەرکۆمار هەڵبژارد.
بەمەبەستی هەڵبژاردنی شوێنگرەوەی سەرۆکی ئیسرائیل، رئۆڤین ریڤلین کە لە نۆی تەمووزدا، ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تەواو دەبێت، پەرلەمانی ئیسرائیل کۆبووەوە و لە دەنگدانێکدا سەرۆکی پێشووی پارتی کار، ئیسحاق هێرزۆگ لەگەڵ چالاکوانی زایۆنیست، میریام پێرێتز کە لە دایکبووی مەغریبە و نیشتەجێی یەکەی جوولەکەنشینی گیڤات زەڤ-ە کە دەکەوێتە نێوان کەناری خۆرئاوا و قودسی خۆرهەڵاتەوە، بە سەرۆکی نوێی ئیسرائیل هەڵبژارد.
لە خولی یەکەمی دەنگدانەکەدا لە کۆی دەنگی ١٢٠ پەرلەمانتار، هێرزۆگ دەنگی ٨٧یانی بەدەستهێنا و لە بەرامبەریشدا رکابەرەکەی پێرێتز ٢٧ دەنگی بەدەستهێنا، بەو شێوەیە هێرزۆنگ بووە یازدەهەمین سەرۆکی ئیسرائیل.
- ئیسحاق هێرزۆگ، کێیە؟
هێرزۆگ-ی تەمەن ٦٠ ساڵان کە سەرۆکی ئاژانسی زایۆنیزمە، کوڕی شەشەمین سەرکۆماری ئیسرائیل، حایم هێرزۆگ-ە کە لە ساڵی ١٩٨٣-١٩٩٣دا وڵاتی بەڕێوەبردووە.
ئیسحاق هێرزۆگ لە ساڵی ٢٠١٣-٢٠١٧دا، سەرۆکی پارتی کار بووە.
سەرۆکی ئیسرائیل کە بۆ حەوت ساڵ هەڵدەبژێردرێت، بە پێچەوانەی سەرۆکوەزیران کە دەسەڵاتێکی فراوانی هەیە، خاوەن دەسەڵاتێکی سنووردارە و سمبوولییە.
دەسەڵاتەکانی سەرۆک لە ئیسرائیل سنووردارە لە دەرکردنی لێخۆشبوون بۆ سزادراوان، وەرگرتنی نامەی دەستبەکاربوونی باڵیۆزەکان و راسپاردنی براوەی هەڵبژاردنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت.