Sarmand Hameed
21 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2022
مۆسكۆ-AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین هەڕەشەی بەکارهێنانی مووشەکی بالیستیی کیشوەڕبڕی سارماتی کرد لە دژی ئەوانەی هەڕەشە لە سەلامەتی و ئاسایشی وڵاتەکەی دەکەن.
ڤلادیمیر پوتین لە میانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فەرماندەکانی وەزارەتی بەرگریی رووسیا کە لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفڕانسەوە ئەنجامی دا، پیرۆزبایی لێکردن بە بۆنەی بە سەرکەوتوویی تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیی كیشوهربڕی سارمات.
پوتین ئەو تاقیکردنەوەیەی بە "رووداوێکی گەورە و گرنگ لە پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی سوپای رووسیا" لە قەڵەم دا.
ڤلادیمیر پوتین گوتی: "مووشەکی سارمات چەکێکی بێ وێنەیە و توانای بەرگریی هێزە چەکدارەکانمان بەهێز دەکات و دڵنیایی دەدات بە ئاسایشی رووسیا بەشێوەیەکی متمانەپێکراو لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان، ئەوانەش ناچار دەکات کە لە هەوڵدان بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی وڵاتەکەمان بۆ نەرمکردنەوەی گوتارە دوژمنکارانەکانیان".
سەرۆکی رووسیا ئەوەیشی روونکردەوە کە سیستمە مووشەکییە نوێیەکە لە بەرزترین تایبەتمەندییەکانی تەکنۆلۆجیا دروستکراوە و جەختی لەوەشکردەوە کە مووشەکی سارمات سەرجەم سیستمەکانی بەرگریی مووشەکیی نوێ دەبڕێت.
ڤلادیمیر پوتین ئاماژەی بەوەشکرد کە لە دروستکردنی ئەو سستمە مووشەکییە نوێیەدا تەنها پشت بەستراوە بە نەکنۆلۆجیای رووسیا.
- مووشەکی سارمات
رووسیا بۆ جێگرتنهوهی مووشەکی ڤۆیڤۆدا-ی بالیستی کیشوەربڕ کە لە ساڵی ١٩٨٨وە ھەیەتی و وڵاتانی رۆژئاوا بە "شەیتان" ناوی دەھێنن، پەرەی بە مووشەکی سارمات داوە.
مووشەکەکە لە ساڵی ٢٠١٠وە کاری لەسەر دەکرێت، دەتوانێت کڵاوهی زیاتری ئەتۆمی لە ڤۆیڤۆدا ھەڵبگرێت و خاوەنی مەودایەکی درێژترە، توانای بڕینی جەمسەرەکانی باکوور و باشوور و پێکانی ئامانجەکانی ھەیە.
بانگەشەی ئەوەش دەکرێت کە سارمات بەھۆی تایبەتمەندیی نزیکەی ٢٠٠ تۆن کێش و فڕینی چالاکی لە ماوەیەکی کورتدا ئەستەمە ئەو سیستمانهی بەرگریی مووشهكیی ئاسمانیی کە ئێستا ههن بتوانن رێگریی لێبکەن. شارەزایانی بواری سەربازیی ئاماژە بەوە دەکەن کە سارمات خاوەنی مەودای ١١ بۆ ١٨ ھەزار کیلۆمەترە.