Sarmand Hameed
06 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2022
قودس - AA
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نەفتالی بینیت لە مۆسکۆ لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کۆبووەوە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاوکراوەتەوە، نەفتالی بینیت لە کۆشکی کرملین لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین کۆبووەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە دوای پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی رووسیا کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو ئەنجامیان دا، بەیانی ئەمڕۆ شەممە، نەفتالی بینیت گەیشتە مۆسکۆ.
دەزگاکانی راگەیاندنی ئیسرائیل لەنێویاندا کەناڵ ١٣، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ رووسیا ئاماژەیان بەوە کردووە کە بینیت و پوتین تاوتوێی پرسی ئۆکراینایان کردووە.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی ئیسرائیل، زەئیف ئەلکین ئامادەی دیدارەکە بوو و لە وەرگێڕاندا یارمەتی گفتوگۆی نێوان پوتین و بینیتی دا.
جێی ئاماژەیە، زەئیف ئەلکین بە رەچەڵەک ئۆکراینییە و لە کیێڤ لە دایکبووە.
هەفتەی رابردوو، نەفتالی بینیت دەستپێشخەریی و نێوەندگیری ئیسرائیلی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ خستە بەردەم سەرۆکی رووسیا، بەڵام ڤلادیمیر پوتین دەستپێشخەرییەکەی رەتکردەوە.
رۆژی ٢٤ی شوباتی رابردوو، رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ئۆکراینا دەست پێکرد، ئەمەش کاردانەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا و ژمارەیەک لە وڵاتان سزای ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.