Zana Natık Kerem
18 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق رایگەیاند كە حكوومەتی فەڕەنسا لەچوارچێوەی پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، بڕی 300 هەزار یۆرۆی وەك پاڵپشتی دارایی لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، پێشكەش بە حكوومەتی عێراق كردووە.
لە راگەیەندراوێكدا نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئاماژەی بەوەداوە، بەو پارەیەی كە حكوومەتی فەڕەنسا پێشكەش بە حكوومەتی عێراق كردووە، ئامێرەكانی هەناسەدانی دەستكرد بۆ رزگاركردنی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی فێركاری بەسرە باشووری عێراق، دەكڕدرێن.
ئەمەش دوای ئەوە دێت وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئێڤ لۆدریان لەچوارچێوەی سەردانەكەی بۆ بەغدا كە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەنجامیدا دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی تاوتوێكرد.
بەپێی دوایین ئامارەكان تا ئێستا، 88 هەزار و 171 كەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 616 كەس گیانیان لەدەستداوە و 56 هەزار و 495ی دیكەیش چاكبوونەتەوە.