Ömer Tuğrul Çam
18 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2021
برۆکسل - AA
یەکێتی ئەورووپا، ئامادەکاری بۆ پرۆژەیاسای "بەڵگەی کوتان" دەکات، کە وا پلانی بۆ دانراوە لە گەشتەکانی ناو سنووری یەکێتییەکە بەکاربھێندرێت.
بەپێی ئەمە، بەڵگەی کوتان زانیاری وەک وەرگرتن یان وەرنەگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، لە ئەگەری وەرگرتنی ڤاکسین ئەوا زانیاری لەسەر شوێن و جۆری ڤاکسینەکە لەخۆدەگرێت، هەروەها ئەوانەی كە تووشی نەخۆشییەکە بوون بەڵگەی چاکبوونەوە و رێژەی دژەتەنەکان لە لەشيان و ئەنجامی پشکنینی PCR یان پشکنینی خێراى تێدا تۆمار دەكرێت.
لە رێگەی بەڵگەی کوتانەوە، سنووردارکردنی گەشتکردن لەسەر ئەو کەسانەی کە ئەو ڤاکسینانەیان وەرگرتووە کە لەلایەن یەکێتی ئەورووپاوە پەسەندکراوە ھەڵدەگیرێت. سەبارەت بە ڤاکسینەکانی دیکە ئەوە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا خۆیان بڕیار لەسەر قبوڵکردن یان رەتکردنەوەی دەدەن.
ھەریەک لەو ڤاکسینانەی کە لەلایەن کۆمپانیاکانی بایۆنتەک-ڤایزەر، مۆدێرنا، ئاسترازنیکا و جونسن ئاند جۆنسن دروستکراون لەلایەن یەکێتی ئەورووپاوە پەسەندکراوە. جگە لە ڤاکسینی کۆمپانیای جونسن ئاند جۆنسن، پێدانی سەرجەم ڤاکسینەکانی دیکە لەسەرەتای ساڵەوە لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا جێبەجێدەکرێت.
ھاوکات، چەند وڵاتێکی وەک ھەنگاریا و سلۆڤینیا ماوەیەکە جگە لەم ڤاکسینانە ڤاکسینی بەرھەمھاتووی رووسیا و چین بەکاردەھێنن.
کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا، ئەو بەڵگەیەی کە ناوی "بەڵگەی دیجیتاڵی سەوز"ی لێنراوە، ھەروەھا بە "پاسپۆرتی کوتان" و "کارتی کۆڤید" ناسراوە، بە كاغەز یان بە شێوەی دیجیتاڵی ئامادە دەکرێت. بە مەبەستی درووستنەبوونی جیاکاری ئەوا کارتەکە بەو کەسانەش دەدرێـت کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.