Yusuf Kaya
26 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2021
برۆکسڵ - AA
سەرەڕای ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ماوەی نزیکەی ساڵێکە تەنگی بە جیھان ھەڵچنیوە و خەڵکی ناچارکردووە گۆڕانکاری لە ژیانی رۆژانەی خۆیدا بکات، ئێستاش ئامادەکاری دەکرێ بۆ دروستکردنی پاسپۆرتی دووەم کە تێدا دۆخی تەندروستیی گەشتیاران لە کاتی گەشتەکانیان نیشان دەدات.
جیھان سەرەڕای گرتنبەری رێکاری نوێ و بڵاوکردنەوەی ھۆشداری پێویست نەیتوانی رێگری لەم پەتایە بکات. ھەرچەندە ھاتنی وەرزی ھاوین و دەستپێکردنی کوتانی بە کۆمەڵ ھیوایەکی نوێی ھێناوەتەئاراوە، بەڵام ھیچ گەرەنتییەک نییە لەمەڕ دووبارە گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی.
یەکێتی ئەورووپا کە بە شێوەیەکی بەرچاو لە رووی ئابووریی و کۆمەڵایەتییەوە زیانەکانی پەتاکەی کەوتووەتەسەر، ئێستاش بڕیاری دروستکردنی پاسەپۆرتی کوتانی دەرکردووە کە تێدا دۆخی تەندروستی گەشتیاران دەخرێتەڕوو، ئەمە لە کاتێکدایە کە ماوەیەک یکەم پێش ئێستا ئەم بیرۆکەیە بە "تیۆری پیلانگێری" ناوبردرابوو.
بیرۆکەی پاسپۆرتی کوتان لەلایەن سەرۆکوەزیرانی یۆنان، کیریاکۆس میچۆتاکیس خرایەڕوو کە بە نامەیەکی نووسراو پێشکەشی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپای کردبوو، ھاوکات وڵاتی ئیسپانیاش کە لە ھەمان دۆخی یۆنان دایە، پشتیوانی لەم بیرۆکەیە کرد. لە بەرامبەر ئەمەشدا وڵاتانی وەک فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەلجیکا بە بیانووی ئەوەی کە تا ئێستا سەرجەم خەڵکی ناتوانن دەستیان بەم ڤاکسینە بگات و ئەمەش دەبێتە ھۆی نادادپەروەری، دژی بیرۆکەکە وەستانەوە.
بەڵام دواتر بەھۆی ئەنجامدانی چەند گۆڕانکارییەک لەلایەن کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپا، توانرا پشتیوانی لایەنەکانی دیکەش بەدەستبھێنرێ و سەرۆکی کۆمسیۆنەکە، ئورسولا ڤۆن دەر لین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەستپێکردنی کارەکانی "پاسپۆرتی کوتان"ی بە شێوەیەکی فەرمی راگەیاند.
کارەکانی لەپێشینەی ئەم رێکارە بریتی دەبێ لەوە کە ھاووڵاتیان دەتوانن بە شێوەیەکی ئازادانە بێ بوونی سنووردارکردن لە نێوخۆی یەکێتی ئەورووپادا گەشت بکەن.
- پاسپۆرتی کوتان چی جۆرە زانیارییەک لەخۆ دەگرێت؟
ئەو بەڵگەیە کە ھەرچەندە ئەگەر ناوی "پاسپۆرتی کوتان" یان "بەڵگەی کوتان"ی لێبنرێت، ئەوە بەشێوەی کۆدی QR دیجیتاڵی یان کاغەز دەبێت و زانیاری وەک وەرگرتن یان وەرنەگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا لەخۆدەگرێ، لە ئەگەری وەرگرتنی ڤاکسین ئەوا زانیاری لەسەر شوێن و جۆری ڤاکسینەکە لەخۆدەگرێت، ھەروەھا ئەوانەی کە تووشی نەخۆشییەکە بوون بەڵگەی چاکبوونەوە و رێژەی دژەتەنەکان لە لەشیان و ئەنجامی پشکنینی PCR یان پشکنینی خێرای تێدا تۆمار دەکرێت.
ھەروەکو چاوەڕوان دەکرا یەکێتی ئەورووپا، راستەوخۆ ئەو ڤاکسینانە قبوڵ دەکات کە لەلاین ئاژانسی کوتانی ئەورووپاوە پەسەندکراوە. کە بریتییە لەو ڤاکسینانەی کە لەلایەن کۆمپانیاکانی بایۆنتەک-ڤایزەر، مۆدێرنا، ئاسترازنیکا و جونسن ئاند جۆنسن دروستکراون. لەلایەکی دیکەش وڵاتانی ھەنگاریا و سلۆڤینیا کە لە ناوەوەی یەکتی ئەورووپادان و ڤاکسینی بەرھەمھاتووی رووسیا و چین بەکاردەھێنن و ئیتاڵیا و کۆماری چیک-یش دەرگایان بۆ ئەم ڤاکسینانە واڵا کردووە. ھاوکات یەکێـتی ئەورووپا پەسەندکردنی ئەو ڤاکسینانەی کە لە دەرەوەی ڤاکسینی چوار کۆمپانیا رۆژئاواییەکە ھاتووە بۆ ئەندامەکانی جێھێشتووە.
وا پێشبینی دەکرێت لە مانگی حوزەیراندا دەست بە جێبەجێکردنی پاسپۆرتی کوتان بکرێت. بەڵام، شکستەکانی یەکێتی ئەورووپا لە سەرجەم لاپەڕەکانی پەتای کۆرۆنا، نیشانەی پرسیار لەسەر پێڕاگەیاندنی بەڵگەی کوتان لە کاتی خۆیدا و ئیدارەکردنی پرۆسەکە درووستدەکات. ئیدارەی یەکێتی ئەورووپا، ساڵی رابردوو لەم کاتانەدا وەڵامی داواکردنی ھاوکاری ئیتاڵیا و ئەندامەکانینەدابوویەوە، وڵاتەکان، نەیاندەتوانی پێداویستییەکانی وەکو دەمامک و ئامێری ھەناسەدانی دەستکرد دابینبکەن. ھاوکات سەرەڕای ئەنجامدانی رێککەوتنی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆز ڤاکسین بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە دابینکردنەکەی.
لە کاتێکدا چەند وڵاتێکی ئەورووپی چاوەڕێی شەپۆلی سێیەمی پەتاکەن، ئەگەر پرۆسەی پاسپۆرتی کوتان بە باشی بەڕێوەنەچێت ئەوە رووبەرووبوونەوەی ئیدارەی یەکێتی ئەورووپا لەگەڵ شەپۆلی سێیەمی رەخنەگرتن شتێکی چاوەڕوانکراوە.
- پاسپۆرتی کوتان، چۆن کاریگەری دەبێت لەسەر وڵاتانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا؟
بیرکردنەوەی ئەوەی کە پاسپۆرتی کوتان، تەنھا ئازادی گەشتکردن بۆ ھاووڵاتییانی ئەکێتی ئەورووپا دابیندەکات راست نییە. یۆنان و ئیسپانیا کە زۆر بە پەرۆشەوە بەرگری لەم رێکارە دەکەن چاویان بڕیوەتە گەشتیارە بەریتانییەکان. ئەنجوومەنەکە، ھەروەکو ھەموو کێشەیەک کە چارەسەری نەکردووە، دەستپێشخەرێکە بۆ ئەندامی پەیوەندیداری یەکێتییەکە بەجێدەھێڵێت. ھەموو وڵاتێک، ئەگەر ھەبێت بەڵگەی کوتان، ئەگەر نەبوو ئەوە بە ئەنجامی نیگەتیڤی پشکنینی PCR، بەردەوام دەبن لە وەرگرتنی ئەوانەی کە لە دەرەوەی یەکتێی ئەورووپاوە دێن. بەو رێکارەی کە لە بەردەستدایە، ئەندامەکان دەتوانن سنووردارکردن بکەنە سەر ئەوانەی لەو وڵاتانەوە دێن کە ئاستی مەترسی پەتاکەی تێدا بەرزە.
لە ئەنجامدا، سەرەڕای ئەوەی کە پاسپۆرتی کوتان لەسەر ئاستی یەکێتی ئەورووپا لە رۆژەڤدا دەبێت، ئەوە دەبینرێت کە بڵاوبوونەوەی رێکارەکە لەسەر ئاستی جیھان بە گوێرەی ئاراستەی پەتاکە شتێکی ناچارییە. لەگەڵ پەتاکەدا، ئەو ھەوڵەی کە زۆربەمان وەکە تیۆری پیلانگێڕی دەمانبینی، خەریکە وەکو راستییەک دەگەڕێتەوە بۆ ژیانمان.