Ömer Tuğrul Çam
11 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2021
برۆکسل - AA
ئاژانسی دەرمانی ئەورووپا، کە رێکخەری دەرمانی یەکێتی ئەورووپایە، بڕیاری بەکارھێنانی ڤاکسینی کۆرۆنای نوێ کە لەلایەن کۆمپانیای Johnson and Johnson ئامادەكراوە و بەشێوەى يەك دۆز دەدرێت، لە یەکێتی ئەورووپا دەرکرد.
چاوەروان دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا بڕیارەکە لەلایەن یەکێتی ئەورووپاوە پەسەندبکرێت. ڤاکسینەکەی Johnson and Johnson دەبێتە چوارەم ڤاکسین کە بەکارھێنانی لە یەکێتی ئەورووپا پەسەند بکرێت.
لەو روونکردنەوەیەی کە لە ئاژانسی دەرمانی ئەورووپاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لەژێر رۆشنایی ئەو ئامارەی کە بەدەستھاتوون، ڤاکسینەکە کاریگەر و متمانەپێکراوە و دەتوانرێت لەلایەن وڵاتانی یەکێـتی ئەورووپاوە بەکاربھێندرێت.
ڤاکسینی تاکە دۆزیی Johnson and Johnson، کە لەسەر ٤٤ هەزار کەس لە ئەمریکا، باشووری ئەفریقا و ئەمریکای لاتین تاقیکراوەتەوە، لەسەدا ٦٧ کاریگەرە و بەرگرییەکی بەھێز لە بەرامبەر نەخۆشی و مردن زیاددەکات. لە ٢٨ی شوبات بەکارھێنانی ڤاکسینەکە لە ئەمریکا پەسەندکرا و لە یەکی ئادار دەست بەدابەشکردنی کرابوو.
جێگەى باسە، ڤاکسینەکەی Johnson and Johnson، بە یەک دۆز بەکاردەھێندرێت و دەتوانرێت بۆ ماوەی سێ مانگ لە ناو بەفرگردا ھەڵبگیرێت.
یەکێتی ئەورووپا، پێشتر بەکارھێنانی ڤاکسینەکانی BioNTech-Pfizer، Moderna و AstraZenecaی پەسەندکردبوو. پرۆسەی ھەڵسەنگاندن بۆ ڤاکسينى کۆمپانیاکانی Novavax و Curevac و ڤاکسینی Sputnik V رووسی بەردەوامە. ھێشتا بڕیار لەسەر بەکارھێنانیان نەدراوە.
یەکێتی ئەورووپا، تاکو ئەمڕۆ گرێبەستی کڕینی ٦٠٠ ملیۆن دوزی لەگەڵ BioNTech-Pfizer، ٤٠٠ ملیۆن دۆز لەگەڵ AstraZeneca، ٣٠٠ ملیۆن دۆز لەگەڵ Sanofi-GSK، ٤٠٠ ملیۆن دۆز لەگەڵ کۆمپانیای Johnson and Johnson و ٤٦٠ ملیۆن دۆز لەگەڵ Modernaی واژۆکردووە.
واچاوەڕواندەکرێت، لە مانگی نیسان ڤاکسینەکانی Johnson and Johnson رادەستی یەکێتی ئەورووپا بکرێت.