Heman Hussein Yaseen
17 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2021
ھەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فینلاند لە عێراق، ڤێسا ھاککینن کرد.
نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە دیدارەکەدا، برەودان بە پەیوەندییەکانی فینلاند لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ تاوتوێ کراوە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە باڵیۆزی فینلاند، وێرای دووپاتکردنەوی سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ رۆڵی ھەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنی داعش، بەردەوامیی پشتیوانیی فینلانداشی بۆ ھەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی پشتیوانیی فینلاندای لە ھەرێمی کوردستان کردووە و ھیوای خواستووە، پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا، زیاتر گەشە بسەنێت و فراوانتر ببێت، بە تایبەتی لە بواری وەبەرھێنان و سەرمایەگوزارییدا.
باسی لەوەشکردووە کە ھەڵبژادنەکانی داھاتووی عێراق، گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال، دەرچوونی میلیشا و ھێزە چەکدارە نایاساییەکان لە دەڤەرەکە و ھەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.