پاریس
وەزیری کلتور و گەشتوگوزاری تورکیا عومەر چەلیک لە چوارچێوەی سەردانێکدا بۆ فەرەنسا، سەردانی گۆڕی ھونەرمەند ئەحمەد كایا و سینەماکار یەڵماز گۆنەی کرد.
عومەر چەلیک دوای دانانی تاجە گوڵینە و خوێندنی فاتیحە، تۆزێک خاکی تورکیای رژاندە سەر گۆڕەکان و دواتر رایگەیاند کە پیاوە ناودار و کەسایەتییە ناسراوەکانی تورکیا بە ھۆی گوشارە ناوخۆییەکانی تورکیاوە ناچار بوونە لە وڵاتی خۆیان کۆچ بکەن، لەمبارەیەوە ئەحمەد كایا و یەڵماز گۆنەی نموونەی بەرچاون، بەڵام تورکیا ئەو سەردەمانەی تێپەڕاند و بە متمانە بە خۆبوون سەیری دوارۆژی خۆی دەکا بۆیە لە تورکیای ئەمڕۆدا، ناسنامە جیاوازەکان، بیروڕای جیاواز و ھەر جۆرە ھەڵوێستێک ئازادن چونکە دەمانەوێ تورکیایەکی نوێ بنیات بنێین.
دوای کۆتاییھاتنی ئەو سەردانە، عومەر چەلیک لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "من سەردانی گۆڕی ھەریەک لە ئەحمەد كایا و یەڵماز گۆنەیم کرد کە بەناچاری لە تورکیا کۆچیان کردبوو. ئەمە ئەرکی سەرشانی ئێمە بوو و منیش جێبەجێمکرد و لە لایەکی دیکە ئەو سەردانە پەیامێک بوو بۆ ئەو کەسانە کە بە ھۆی گوشار، زوڵم و ناحەقییەوە لە تورکیا کۆچیان کردووە. ھیوادارم ئیتر کەس بە ھۆی بیروڕا و ناسنامەی خۆیەوە ناچار نەکرێ لە تورکیا کۆچ بکا، ئەو گۆڕانەی لێرەن سیمبۆلی زڵم و گوشارەکانی رابردووی تورکیان."
عومەر چەلیک لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا چەندین بیرەوەری خۆی لەگەڵ ھەریەک لە ئەحمەد كایا و یەڵماز گۆنەی بە بیر ھێنایەوە و گوتی: "من رێزم بۆ ھەمووی ئەوانە ھەیە کە بە ھۆی زوڵم و ناحەقییەوە لە تورکیا کۆچیان کردووە."
چەلیک لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی ئەو تۆزە خاکەی رژاندییە سەر گۆڕەکان، گوتی: "بیرم لەوە کردەوە رەنگە ئەحمەد كایا و یەڵماز گۆنەی بیری خاکی وڵاتی خۆیان کردبێ، بۆیە لە تورکیا تۆزێک خاکم بۆیان ھێنا. ھەموو کەسێک دەزانێ ژیانی دوورە وڵاتی دەردێکی زۆر گرانە."
چەلیک لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند کە ھیچ پەیوەندییەکی ئەو سەردانەی من بە قۆناغی چارەسەرییەوە نییە، قۆناغی چارەسەری و پرۆسەکانی دیکە لە تورکیا بەردەوامن، پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی تورکیا بۆ چین و گرووپێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو بۆ ھەمووی پێکھاتەکانی تورکیایە.