Dmitri Chirciu
16 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2021
مۆسکۆ - AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ، رایگەیاند ئەرکی ئەمریکا لە ئەفغانستان "شکستیخواردووە".
لاڤرۆڤ، لە دوای بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی باڵا بە ناونیشانی "ناوەڕاست و باشووری ئاسیا: پەیوەندییە ناوچەییەکان، ھەڕەشەکان و تواناکان" کە لە تاشقەندی پایتەختی ئۆزبەکستان بەڕێوەچوو، وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە.
سێرگی لاڤرۆڤ، سەرنجی بۆ کشانەوەی یەکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان راکێشا و ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن، باسی لە "ئەرکە سەرکەوتووەکەیان"ى لە ئەفغانستان کردووە.
لاڤرۆڤ، گوتی: "بێگومان، بایدن ھەوڵیدا دۆخەکە بە رەنگە ئەرێنییەکانەوە پێشکەش بکات. بەڵام ھەموو کەس دەزانێت کە ئەرکەکەیان شکستیخواردووە. دەبێت ئەمریکا بە ئاشکرا ئەمە قبوڵ بکات".
وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە رێکخراوەکانی تیرۆریستیی داعش و قاعیدە پێگەیان لە ئەفغانستان بەھێزتربووە و ئاماژەی بەوە کرد کە بەرھەمھێنانی ماددەی ھۆشبەر لە وڵاتەکەدا گەیشتووەتە ئاستێكی پێوانەیی.
سێرگی لاڤرۆڤ، گوتی: "لە ئێستادا، سەدا ٩٠ تەواوی ماددە ھۆشبەرەکانی جیھان لە ئەفغانستان بەرھەمدەھێندرێت لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەمەشدا ھیچ شتێک ناکرێت".
لاڤرۆڤ، باسی لە بابەتی پێکھێنانی ھێزی ئەمنیی سەر بە سوپای ئەفغانستان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە بابەتێکە جێگەی "مشتومڕە".
لاڤرۆڤ، گوتی: "بە پێی ئامارەکان، ٣٠٠ ھەزار سەرباز لە خزمەتی ئیدارەی ئەفغانستاندايە. ژمارەی تاڵیبان سێ بۆ چوار ھێندە کەمترە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەنجامەکان دەبینین".
وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ، جەختی لەوە کردەوە کە نایانەوێت ئەفغانستان بگاتە ئاستی ئاژاوە و ئەوەی خستەڕوو کە دەیانەوێت خەڵکی ئەفغانستان بەشێوەیەکی ئاشتی و سەقامگیری بژین.