Zana Natık Kerem
12 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2020
دۆحە ــ AA
بزووتنەوەی تاڵیبان داوایكر كە سیستەمی حكومڕانی ئیسلامی لە ئەفغانستان پەیڕەو بكرێت كە هەمووان وەك برا تیایدا بژین.
جێگری سەركردەی بزووتنەوەی تاڵیبان، عەبدولغەنی برادەر لە میانی دەستپێكردنی دانووستانی راستەخۆی ئاشتی لە نێوان تاڵیبان و حكوومەتی ئەفغانستان كە لە دۆحە پایتەختی قەتەر ساز كراوە رایگەیاند "لەسەر بنەمای ئاشتی لەگەڵ ئەمریكا مامەڵەمان كردووە و دەمانەوێت لایەنی بەرامبەریش لەسەر بنەمای رێككەوتنەكە مامەڵە بكات بۆ ئەوەی بگەین بە ئاشتی".
عەبدولغەنی برادەر پێشبینی كرد كە دانوستانی ئاشتی رووبەڕووی كێشە ببێتەوە و گوتی: "خواستی ئێمە ئەوەیە ئەم پڕۆسەیە پێش بكەوێت".
گوتیشی: "تاڵیبان، ئەفغانییەكان دڵنیا دەكاتەوە كە بەراستی و دروستی لە دانوستانی ئاشتی بەردەوام دەبێت".
جێگری سەركردەی بزووتنەوەی تاڵیبان، عەبدولغەنی برادەر راشیگەیاند "پێویستە لە ئەفغانستان، سیستەمی حكومڕانی ئیسلامی پەیرەو بكرێت كە سەرجەم لایەنەكانی ئەفغانستان خۆیان تیایدا ببینەوە و وەك برا پێكەوە بژین".
بەیانی ئەمڕۆ شەممە یەكەم دانوستانی ئاشتی راستەوخۆ لە نێوان حكوومەتی ئەفغانستان و بزووتنەوەی تاڵیبان بە ئامانجی كۆتایی هێنان بەو جەنگەی كە ساڵانێكی زۆرە لە ئەفغانستان بەردەوامە لە دۆحە پایتەختی قەتەر دەستی پێكرد.
لە ٢٩ی مانگی رابردوودا، دوای نزیكەی دوو ساڵ لە كۆبوونەوە و دانوستان، دواجار ئەمریكا و بزووتنەوەی تاڵیبان لە دۆحەی پایتەختی قەتەر رێككەوتنی "هێنانی ئاشتی بۆ ئەفغانستان"یان واژوو كردبوو.
بەپێی ئەم رێككەوتنە كە ئامانجی كۆتاییهێنانە بە ١٩ ساڵەی شەڕی ناوخۆی ئەفغانستان، ئەمریكا بە قۆناغ بەندی هێزەكانی وڵاتەكەی لە ئەفغانستان دەكشێنێتەوە.
هاوكات بەپێی خاڵێكی رێككەوتنەكە لەمیانی ئەم مانگەدا، نزیكەی پێنج هەزار لە بەندكراوەكانی بزووتنەوەی تاڵیبان ئازاد دەكرێن و لە بەرامبەردا، نزیكەی هەزار بەندكراوی حكوومەتی ئەفغانستان لەلایەن بزووتنەوەكەوە ئازاد دەكرێن.