Sümeyye Dilara Dinçer
18 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2023
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە رۆژانی ١٧-٢٠ی کانوونی دووەمدا، سەردانێکی فەرمی بۆ ئەمریکا ئەنجام دەدات.
لەوبارەیەشەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیەندراوێكی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە مەولود چاوشئۆغڵو لە میانی ئەم سەردانەیدا، رۆژی ١٨ی مانگ لە چوارچێوەی میکانیزمی ستراتیجیی نێوان تورکیا و ئەمریکا، کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی، ئەنتۆنی بلینکن ئەنجام دەدات.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرجەم رەهەندەکانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ دەکرێن و دەربارەی پرسە هەرێمییەکانیش، بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکرێت.
هەروەها پلان وایە وەزیری دەرەوەی تورکیا لە شارەکانی واشنتۆن و هیۆستن، لەگەڵ نوێنەری دامەزراوە هزرییەکان و رەوەندی تورکی لە ئەمریکا، کۆببێتەوە.
لەپاڵ ئەمەشدا چاوەڕوان دەکرێت چاوشئۆغڵو، بەشداری کردنەوەی نووسینگەیەکی نوێی کۆنسولخانەی تورکیا لە شاری هیۆستن بکات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دوارۆژی سەردانەکەیدا، دەچێتە نیویۆرک و لەگەڵ سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سابا کۆرۆسی کۆدەبێتەوە.
بەر لەم سەردانەش لە ١٧ی کانوونی دووەمدا لە واشنتۆن کۆبوونەوەیەکی راوێژکاریی بەسەرۆکایەتی جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەدات ئۆناڵ و راوێژکاری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڤیکتۆریا نولاند بەڕێوەدەچێت.