Emre Aytekin,Muhammet Ali Kemal
12 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2018
ئەنقەرە - AA
لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستدا نووسینێک بڵاوکراوەتەوە کە تیایدا رەخنە لە هەڵوێستی حکوومەتی ئیسرائیل دەگرێت لە ئەمریکا لەدوای کوژرانی جەمال خاشقجی، سەبارەت بە پاراستنی پێگەی جێنشینی سعوودیە، شازادە محەمەد بن سەلمان.
لەو نووسینەدا کە لە لایەن جێگری بەرپرسی لاپەڕەی بۆچوون لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، جاکسن دیێڵ نووسراوە، ئاماژە بەوەکراوە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو لە پێناو بەردەوامییدان بە هاوپەیمانیی بەرژەوەندیی ناوچەیی نێوان ئەمریکا و سعوودیە، دەستی هاوکاریی بۆ بەرپرسیارانی تاوانی جەمال خاشقجی، درێژکردووە.
جاکسن دیێڵ تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی لەدوای ئاشکرابوونی تاوانەکە، کاربەدەستانی ئیسرائیل دەستیان بە چالاکییەکانیان کردووە لە ئەمریکا لە پێناو رژێمی سعوودیەدا و لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بێنیامین ناتانیاهو لەگەڵ کۆشکی سپیدا، ناوبراو جەختی لەوەکردووەتەوە کە پێویستە جێنشینی سعوودیە کە سەبارەت بە رۆڵی لە تاوانەکەدا قسەدەکرێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
ئاشکراشیکردووە بێنیامین ناتانیاهو تەنها دوای ئەوەی کە ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە دزەیکردووەتە میدیاوە، سەرکۆنەی تاوانەکەی کردووە و ناوبراو لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتیی ئیسرائیل رایگەیاندووە "پاراستنی سەقامگیریی سعوودیە، گرنگە بۆ پاراستنی سەقامگیریی جیهان".
جێگری بەرپرسی لاپەڕەی بۆچوون لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست باسی لەوەشکردووە کە باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتۆن، رۆن دێرمەر بە گوتنی ئەوەی کە "پێویستە تەڕ و وشک بەیەکەوە نەسووتێن" داکۆکی لەوەکردووە کە دەبێت پارێزگاریی لە جێنشینی سعوودیە بکرێت.