Emre Aytekin,Gamze Türkoğlu Oğuz,Sinan Doğan,Mohammed Baqi Hussein
30 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2019
ئەنقەرە - AA
حكوومەتی ڤێنیزوێلا رایگەیاند، گرووپێك سەربازی سەربە ئۆپۆزسیۆن هەوڵی كودەتایان دەستپێكردووە و لە هەوڵی سەركوتكردنی هەوڵەكەدان.
جێگری سەرۆكی ڤێنیزوێلا بۆ كاروباری پەیوەندی، كولتوور و گەشتوگوزار، جۆرج رۆدریگێز لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەرەوە رایگەیاند، "گرووپێك سەربازی راستڕەوی ناپاك كە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا كاردەكەن"، هەستاون بە دەستپێكردنی هەوڵی كودەتا و لەئێستادا لەهەوڵی سەركوتكردنیاندان.
هاوكات سەرۆكی پەرلەمانی ڤێنیزوێلا، خوان گوایدۆ كە خۆی وەك سەرۆك راگەیاندووە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر بە گرتەیەکی ڤیدیۆیی سێ خولەكی بانگەوازی لە هاووڵاتییان و سەربازان كرد بڕژێنە سەر شەقامەكان.
گوایدۆ گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تویتەر بڵاوكردەوە كە لەگەڵ گرووپێك سەرباز لەنزیك فڕۆكەخانەی سەربازیی لا كارلۆتای كاراكاسی پایتەخت تۆماری كردووە.
گرتەكە ماوەكەی سێ خولەكە و تیایدا گوایدۆ لەگەڵ گرووپێك سەرباز و لیۆپۆڵدۆ لۆپێزی چالاكی ئۆپۆزسیۆن كە لە ماڵەكەیدا دەستبەسەربوو لە بەردەم زرێپۆشێكدا دەردەكەوێت و بانگەواز لە سەربازان دەكات بە مەبەستی پاراستنی دەستوور بڕژێنە سەر شەقامەكان.
گوایدۆ گوتی: "بۆ هەڵساندنەوەی وڵات بۆ سەرپێی خۆی بە شێوەیەكی دیموكراسی، بانگەوازتان لێدەكەم راپەڕن. ئیدی كاتی هاتووە".