جيهان

هاکان فیدان: "پرسی سەدەگە هێشتا وەک کێشەیەک بۆ سووریا، تورکیا و تەواوی ناوچەکە بەردەوامە"

Büşranur Keskinkılıç, Sercan İrkin  | 15.01.2026 - نوێکردنەوە : 15.01.2026
هاکان فیدان: "پرسی سەدەگە هێشتا وەک کێشەیەک بۆ سووریا، تورکیا و تەواوی ناوچەکە بەردەوامە"

Ankara

ئیستانبوڵ - AA

وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان ڕایگەیاند: "پرسی سەدەگە هێشتا وەک کێشەیەک بۆ سووریا، تورکیا و تەواوی ناوچەکە بەردەوامە. هیوادارم ئەمساڵ ئەم کێشەیە چارەسەر ببێت. وەک تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٦یشدا بەردەوام دەبین لەسەر سیاسەتی پێداگرانە و ڕوونی خۆمان لەم بارەیەوە".

فیدان لە ئیستانبوڵ لەگەڵ نوێنەرانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی نیشتەجێی تورکیا کۆبوونەوە.

هاکان فیدان باسی لەوە کرد شاهیدی ئەوە بووین کە ئەو چەقبەستووییەی سیستمی نێودەوڵەتی تێیدایە لە ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر و، گوتی: "ساڵی ڕابردوو ئەو کۆمەڵە یاسایانەی بنەمای ڕێسا جیهانییەکان پێکدەهێنن تووشی داڕمانێک بوون کە چاککردنەوەی زەحمەتە. ئەو قەیرانانەی برینی قووڵیان لە ویژدانی هاوبەشی مرۆڤایەتیدا دروست کرد، یەک لە دوای یەک ڕوویان دا. لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا بینیمان کە دەوڵەتان پرسیار لە پەیوەندییەکانی هاوپەیمانیی ئێستایان دەکەن و کەوتوونەتە گەڕان بەدوای دامەزراندنی پێکهاتەی نوێدا".

وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، باسی لەوە کرد کە شەڕ و پێکدادانەکان، ناجێگیرییە ئابوورییەکان و وەرچەرخانە تەکنەلۆجییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی وڵاتان پێداچوونەوە بە کاری لە پێشینە، توانا و ستراتیجییەکانیاندا بکەن و، ڕایگەیاند: "لەلایەکی دیکەوە، بۆ ئەو وڵاتانەی خاوەن بەرپرسیارێتی و ئیرادەن، دیپلۆماسی وەک تاکە ئامڕاز بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان دەرکەوتووە. بەهۆی هەموو ئەم هۆکارانەوە ساڵی ٢٠٢٥ ساڵێک بوو کە شوێنەواری هەمیشەیی لە سیستمی نێودەوڵەتییدا جێهێشت و بۆ سیاسەتی دەرەوەی تورکیاش ساڵێکی زۆر چڕ و پڕ بوو".

فیدان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ئەو جینۆسایدەی لە غەززە ڕوو دەدات، لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتیی و بەها مرۆییەکانەوە گرنگترین و لەپێشینەترین پرسی ساڵی ٢٠٢٥ بووە و، گوتی: "هاوکات وەک تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ تاقیکردنەوەی توانای سیستمی نێودەوڵەتیی. پێویستە بە ڕوونی بوترێت کە مۆدێلی بەڕێوەبردنی جیهانیی ئەمڕۆمان، بەداخەوە لەم تاقیکردنەوەیەدا سەرنەکەوت. وەک تورکیا، بە سەرکردایەتی بەڕێز سەرکۆمارمان (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) و لەگەڵ وڵاتانی دۆست و برا هەوڵێکی گەورەمان دا بۆ ڕاگرتنی جینۆساید و دابینکردنی ئاگربەست. لەم قۆناغەی پێی گەیشتووین ڕووبەڕووی دۆخێکی ناسک بەڵام ئومێدبەخش بووینەتەوە".

هەروەها فیدان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە وەک تورکیا بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ ئەوەی ئاگربەستەکە ببێتە ئاشتییەکی هەمیشەیی. بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی غەززە و ئەوەی فەڵەستینییەکان بتوانن لە ژێر سایەی دەوڵەتی خۆیاندا بە ئاشتی و ئارامی بژین.

فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو وەرچەرخانە گەورەیەی سووریا تێیدایە و ئاوێتەبوونی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی یەکێکە لە پێشهاتە ئەرێنییەکانی ٢٠٢٥ و، گوتی: "هیوادارین ئەو ئیرادە بنیاتنەرەی وڵاتانی ناوچەکە، دەوڵەتانی ئەورووپی و ئەمریکا سەبارەت بە سووریا نیشانیان داوە بە هەمان پێداگریی لەم ڕێگایەدا بەردەوام بێت. پرسی سەدەگە هێشتا وەک کێشەیەک بۆ سووریا، تورکیا و تەواوی ناوچەکە بەردەوامە. هیوادارم ئەمساڵ ئەم کێشەیە چارەسەر ببێت. وەک تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٦یشدا بەردەوام دەبین لەسەر سیاسەتی پێداگرانە و ڕوونی خۆمان لەم بارەیەوە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، ئەوەیشی خستەڕوو کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتانی وەک سووریا، ئێران و لوبنان زیادیان کردووە و شاهیدی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی ئیسرائیلن لەسەر بنەمای "دابەشی بکە، پارچە پارچەی بکە و بەڕێوەی ببە" لە جوگرافیایەکی فراواندا کە لە سۆمالیلاندەوە تا ئێران درێژ دەبێتەوە، و، گوتی: "ئەم سیاسەتە لەسەر ئەو خەیاڵە دامەزراوە کە گوایە ئیسرائیل دەتوانێت لە ڕێگەی تێکدانی سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێوە ئاسایشی خۆی دابین بکات. لە هەر دەرفەتێکدا سەرنج دەخەینە سەر ئەوەی کە ئەم عەقڵییەتە نەک تەنیا بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکو بووەتە هەڕەشە لەسەر ئاستی جیهانیش".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın