Heman Hussein Yaseen
21 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2021
ههولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە بەرپرسی باڵای سەربازیی و بەرپرسی نووسینگەی ھاریکاریی ئەمنیی ئەمریکی لە عێراق جەنەراڵ کیس فلپس و شاندێکی سەربازیی و دیپلۆماتیی یاوەری کرد.
بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشھاتە ئەمنی و سەربازییەکان لە عێراق، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و جموجووڵ و کردارەکانی داعش لە عێراق و سووریا، دۆخی دەشتی نەینەوا و شنگال، چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ھاریکاری و ھەماھەنگیی نێوان پێشمەرگە، سوپای عیراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان و بەئامانجگرتنی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە ھەولێر، تاوتوێکران.
لە ھەواڵەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو کە، نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردووەتەوە کە تێکشکاندنی داعش، بۆ ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە گرنگە و سوپاسی ھاوکاری و پشتگیریی ئەمریکا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کردووە، ھەروەھا سووڕبوون و پابەندی بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ رێکخستنەوەی ھێزەکان و گرنگیی پشتگیریی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی دۆستی لە پرۆسەکە، دووپاتکردووەتەوە.
ئاماژە بەوەیشکراوە کە جەنەراڵ فلپس باسی لە گۆڕانی ئەرکی ھێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی دیالۆگی عێراق و ئەمریکادا کردووە و جەختی لە ھاریکاری و ھەماھەنگی بۆ دڵنیابوون لە تێکشکاندنی یەکجارەکیی داعش کردووەتەوە، ھەروەھا رایگەیاندووە کە ئەوان بە بایەخەوە لە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڕوانن و لەمبارەیەوە ھاوکار دەبن.
پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و مەترسی و ئاڵنگاری و دەرفەتەکان و دۆخی ئەفغانستان و لێکەوتەکانی، چەند لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە.