Sarmand Hameed
19 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە داوەتێکی فەرمی بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی جیھانیی داڤۆسدا دەکات کە رۆژانی ٢١ تا ٢٤ی ئەم مانگە لە یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنیدا بەڕێوە دەچێت و تیایدا بە ناونیشانی لەپێناو جیھانێکی یەکگرتووی گەشەسەندووی بەردەوامدا، تیشک دەخرێتە سەر پرسە جیھانییەکانی تایبەت بە ئابووری و سیاسەت و ئاسایش و سەقامگیری.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە میانی بەشداریکردنیدا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێریس و ژمارەک لە سەرکردە و وەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتان کۆدەبێتەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکەی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکاندا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سیاسەت و ھەڵوێستی ھەرێم و گۆڕینەوەی بیروڕا دەربارەی پرسە ھەرێمی و جیھانییەکان تاوتوێ دەکرێن.
ھەر لە میانی بەشداریکردنیدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە دانیشتنێکی داڤۆسدا بە ناونیشانی “ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی ناسەقامگیر” قسە دەکات. تیایدا لێکەوتە درێژخایەنەکانی ئاڵۆزی و پشێوییە بەردەوامەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە بوونەتە سەرچاوەی ترس و نیگەرانییەکی گەورەی جیھانی و ناوچەیی باس دەکرێن و تیشک دەخرێتە سەر کاریگەریی ستراتیژیی قەیرانی ئێستا لەسەر ئاشتی و سەقامگیری لە کەنداو، عێراق و سووریا.