Emirhan Demir,Ahmet Kartal
15 نیسان 2025•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2025
ئەنقەرە ــ AA
نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ڤیتکۆڤ ڕایگەیاند کە سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین تەنھا ڕێککەوتنی ئاگربەستی لەگەڵ ئۆکراینا ناوێت، بەڵکو دەیەوێت ئاشتییەکی ھەمیشەیی لەگەڵ ئۆکراینا بەدی بھێنێت.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ستیڤ ڤیتکۆڤ لە شاری سانت پێتێرسبورگ چاوی بە سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین کەوت.
ئەو نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "Fox News"، ئاماژەی بەوەشدا کە دیدارەکە نزیکەی پێنج کاتژمێری خایاندووە و گوتیشی: "لە دیدارەکەدا ئەوەم بۆ دەرکەوت کە داواکاری پوتین، تەنھا بەدیھێنانی ئاشتییەکی ھەمیشەییە لەگەڵ ئۆکراینا".
ڤیتکۆڤ ڕاشیگەیاند ئەو ڕێککەوتنە ئاشتییە، ئەگەر لەنێوان مۆسکۆ و کیێڤ بەدی بێت، تەنھا ئاگربەست لە ٥ ناوچەی ئۆکراینا کە بە ڕووسیاوە لکێندراون ناگرێتەوە، بەڵکو دەستبەرداربوونی ئۆکراینا لە ھەوڵەکانی بۆ ئەندامبوونی لە ناتۆ، ھەروەھا زیادبوونی ئاستی بازرگانی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا دەگرێتەوە.