Adam Abu-bashal
12 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2021
ئەبوجا - AA
لە ویلایەتی نیجەر رۆژئاوای نێجیریا، ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی بۆسەر چەتە چەکدارەکان ئەنجامدرا و لە ئاکامدا، ٧٠ چەتە کوژران.
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی کە لە راگەیاندنە ناوخۆییەکانی نێجیریادا بڵاوکراونەتەوە، سوپای ئەو وڵاتە لە ناوچەی جاسوان سەربە ویلایەتی نیجەر، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییان بۆسەر چادرگەیەکی چەتە چەکدارەکان ئەنجامداوە.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، ٧٠ چەتە لە چالاکی خراون، هەروەها حەشارگەکانیشیان خاپوور کراون و دەستیش بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گیراوە.
ناوبەناو لە وڵاتی نێجیریا پێکدادانی توند لەنێوان هۆزی فولانییەکان کە پیشەیان ئاژەڵدارییە لەگەڵ هۆزە جووتیارەکانی ناوچەکە دروست دەبێت.
فولانییەکان کە بۆ دۆزینەوەی لەوەڕگا بۆ ئاژەڵەکانیان بەرەو باشووری نێجیریا کۆچ دەکەن، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە جووتیارەکان هێرشیان دەکەنەسەر و هەوڵی دزینی ئاژەڵەکانیان دەدەن.
چەتە چەکدارەکانیش سوود لەم پێکدادانە وەردەگرن و پەلاماری هاووڵاتییانی مەدەنی دەدەن و دانیشتوانی ناوچەکە بە بارمتە دەگرن.