Recep Şakar
24 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2020
مێلبۆرن - AA
دانیشتنەکانی دادگاییکردنی تیرۆریست برینتۆن تارانت کە لە شاری كریستچهرچ هێرشی کردە سەر دوو مزگەوت و ٥١ کەسی کوشت و ٤٩ کەسی دیکەی بریندار کرد، دەستی پێ کرد.
رادیۆی نیوزیلاند بڵاوی کردەوە کە لە رێوشوێنێکی ئەمنیی توندوتۆڵدا یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی تیرۆریست برینتۆن تارانت لە دادگای باڵای كریستچهرچ دەستی پێ کردووە کە چاوەڕوان دەکرێت چوار رۆژ بخایەنێت و تیایدا سزای سەر ئەو تیرۆریستە دیاریی بکرێت.
لە کاتێکدا ئەو رێگایانە داخراون کە دەچنەوە سەر ئەو دادگایەی دانیشتنەکانی تیادا بەڕێوەدەچێت کە کەسوکاری ئەو کەسانەی لەو کردە تیرۆریستیەدا گیانیان لەدەستداوە لەگەڵ بریندارانی رووداوەکە تیایدا بەشدارن لە سەربانی بینای ناوچەکە پۆلیس بە چەکی نیشانشکێن جێگیرکراون.
لە کاتێکدا دادگاییکردنەکە درێژەی هەیە، پەخشی راستەوخۆ و بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەبارەی دانیشتنەکە قەدەغەکراوە و چاوەڕوان دەکرێت لەو دادگاییکردنەدا زیاتر لە ٦٠ کەس مافی قسەکردنیان پێ بدرێت.
تیرۆریستی دەستبەسەر برینتۆن تارانت کە لە دانیشتنەکەدا لەلایەن دادوەری دادگای باڵای كریستچهرچ، کامیرۆن ماندێر-ەوە دادگایی دەکرێت لە گرتووخانەی ئاوکلاند لەڕێگەی سیستمی دانگ و رەنگەوە بەشداری دەکات.
تیرۆریست برینتۆن تارانت لە ١٣ی تەمووزدا دانی نا بەتەواوی ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی کراونەتەوە کە بریتین لە تیرۆرکردنی ٥١ کەس، هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی ٤٠ کەس و ئەنجامدانی هێرشێکی تیرۆریستیی.
تیرۆریست برینتۆن تارانت کە بەرگریی لە باڵادەستبوونی رەگەزی سپی پێست دەکات و تیرۆریستێکی راستڕەوە، چاوەڕوان دەکرێت دوای ئەو دادگاییکردنە چوار رۆژیە سزای زیندانیکردنی هەتا هەتایی بەسەردا بسەپێندرێت.
تیرۆریست برینتۆن تارانت لە ١٥ی ئاداری ٢٠١٩دا لە میانی نوێژی هەیینیدا بە چەکی ئۆتۆماتیکی هێرشی کردە سەر نوێژخوێنانی مزگەوتەکانی نور و لینوود.
لە هێرشەکەدا کە لە نیوزیلاند و تەواوی جیهان کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە ٥١ کەس گیانیان لەدەست دا و ٤٩ کەسی دیکەش برینداربوون.