İdiris Okuduci,Mustafa Deveci
25 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2020
ئیستانبوڵ/قودس-AA
هەریەکە لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو و جێنشینی ئیمارات، شازادە محەمەد بن زاید کە بەهۆی ئەو قەیرانانەی لە ناوچەکەدا و بەتایبەت هێرشەکانیان بۆسەر فەڵەستین، لیبیا و یەمەن بەرپرسیارن لە کوژرانی هەزاران هاووڵاتی مەدەنی، لەئێستادا بۆ خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی ٢٠٢١ پاڵێوراون.
محەمەد بن زاید کە یەکێکە لە لایەنە کاریگەرەکانی شەڕی ناوخۆی یەمەن، لە کاتی بەهاری عەرەبیدا رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پشتیوانیکردنی دەسەڵاتدارە کۆنەکان و ئەمەش رێگای بۆ کودەتا و شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتانە خۆشکرد.
بەگوێرەی راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شەڕی ناوخۆی یەمەن-دا کە ئیمارات لایەنێکی ئەو شەڕەیە زیاتر لە ١١٢ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمە جگە لەوەی ئەو وڵاتە رووبەڕووی گەورەترین قەیرانی مرۆیی لەسەر ئاستی جیهان بووەتەوە.
ئیمارات لە شەڕی ناوخۆی لیبیا-شدا، رۆڵێکی گرنگی هەیە بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنە قەیراناوییەکەی ساڵی ٢٠١٤، هەوڵیدا لەڕێی بەکارهێنانی لیوا خەلیفە حەفتەر کودەتایەکی سەربازی هاوشێوەی کودەتاکەی میسر لە لیبیا ئەنجام بدات لە دوای هەوڵی کودەتاکەش شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتەدا کڵپەی کرد.
بەهەمان شێوە بێنیامین ناتانیاهو بەرپرسیارە لە کوژرانی هەزاران هاووڵاتی فەڵەستینی و تەنها لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا، نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ فەڵەستینی لە ئەنجامی پەلاماری هێزە ئیسرائیلییەکانەوە شەهید بوون.
خوێناویترین پەلامارەکانیش لە ساڵی ٢٠١٢ و ٢٠١٤دا بوون کاتێک بێنیامین ناتانیاهو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بوو، بۆسەر کەرتی غەززە ئەنجامدران.
بەگوێرەی راپۆرتەکانی، دەزگای مافی مرۆڤی ئیسرائیل لە پەلامارەکانی ساڵی ٢٠١٢دا، ١٦٧ فەڵەستینی شەهیدبوون.
راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش باس لەوە دەکەن کە لە پەلامارەکانی ساڵی ٢٠١٤دا، دوو هەزار و ٢٥١ فەڵەستینی شەهیدبوون و زیاتر لە ١١ هەزار کەسیش برینداربوون.
ئەمە جگە لەوەی ئەو دوو پەلامارە، وێرانکارییەکی گەورەی لە کەرتی غەززەدا دروست کرد.
ئەمە جگە لەوەی لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە ئیسرائیل، ئابڵوقەیەکی قورسی خستووەتە سەر کەرتی غەززە و ئەمەش ژیانی فەڵەستینییەکانی سەخت کردووە.
لە ٣٠ی ئاداری ٢٠١٨دا، فەڵەستینییەکان بۆ داواکردنی گێڕانەوەی خاکە داگیرکراوەکانیان، خۆپیشاندانی "گەڕانەوەی مەزن"یان دەستپێکرد و سوپای ئیسرائیلیش بە چەک بەرەنگاری خۆیشاندەران بووەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکانی سەنتەری میزان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کەرتی غەززە، لە خۆپیشاندانەکاندا، ٢١٥ فەڵەستینی لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە شەهیدکراون.