یەكێك لە نوێنەرانی كاكەییەكانی هەڵەبجە، قەیسەر لەتیف لەبارەی داواکاری داخستنی مەرزە نافەرمییەکەوە، بە ئاژانسی ئانادۆڵو گوتى: "ماوەی سەدان ساڵە ئێمە وەكو كاكەییەكانی هاوار و هاوارەكۆن و دەرەتوێ وەك برا لەگەڵ هاوسێكانماندا ژیاون و بچووكترین كێشەمان نەبووە بەڵام بەداخەوە ئێستا لەبەر بەرژەوەندیی تایبەتی ماددی هەندێ كەس، خەریكە ئاشتی كۆمەڵایەتی لە ناوچەكەماندا دەشێوێت، پێش ماوەیەك بەهۆی بوونی ئەم مەرزە نافەرمییەوە، شەڕێك لە نێوان كاكەییەكانی هاوار و خەڵكی گریانە، گوندێكی هاوسێی هاوارە كە دانیشتوانەكەی مسوڵمانن – دروستبوو، تا كار گەیشتە ئەوەی لەبەر بەرژەوەندیە ماددییەكان هەوڵی دروستكردنی كێشە لە نێوان مسوڵمانان و كاكەییەكاندا درا كە ئەگەر ژیرانە مامەڵە نەكرایە خوێنی تێدا دەڕژا".
مەرزی نافەرمی هاوار لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان – ئێران دەكەوێتە 30 كیلۆمەتری باشووری رۆژهەڵاتی هەڵەبجەوە، ماوەی چەندین ساڵە ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا دەكرێت و چەندین جۆر كاڵای جیاوازی لێوە هەناردە دەكرێت و لە هەردوو گوندی "هاوارەكۆن" و "گریانە"وە ئەو كاڵایانە بە وڵاخ بەرەو ئێران رەوانە دەكرێن و بەپێچەوانەشەوە.
نوێنەری كاكەییەكان گوتیشی: "ئێستا ئێمە وەكو كاكەییەكانی هەرسێ گوندی هاوار و هاوارەكۆن و دەرەتوێ كە رێگەی سەرەكی ئەم مەرزە نافەرمییە بەناو خاك و گوندەكانی ئێمەدا تێدەپەڕێت، زیاتر لە 250 واژۆمان كۆكردۆتەوە و داوامان كردووە بەفەرمی پارێزگاری هەڵەبجە و ئیدارەی شارەكە ئەم مەرزە نافەرمییە دابخات و كۆتایی بە ئەگەری دروستبوونی هەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی بهێنێت كە هەموو كاتێك ئەگەری روودانی هەیە چونكە بۆ ئێمە قبووڵكراو نییە، رۆژانە بەناوی كاكەییەكانەوە خواردنەوەی کحولی و حەبی هۆشبەر و شتی تر رەوانەی ئێران بكرێت و ئێمەش بێ ئاگا بین لێی و تەنها شێواندنی ناوبانگمان بۆ بمێنێتەوە و چەند كەسێكی كەمیش سوودە ماددییەكەی بۆخۆیان بەرن".
لەتیف زیاتریشی گوت: "ئێمە چیتر نامانەوێت لەم مەرزەوە هیچ بارە قاچاخێک رەوانەی وڵاتی ئێران بكرێت و ئەو رێگەیەش كە بەهاوار و هاوارەكۆن و دەرەتوێدا براوە بۆ گریانە، بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییانی ئەو گوندە بووە و وەك ئەركێكی هاوسێیانە بەبێ وەرگرتنی هیچ قەرەبوویەك بوار دراوە ئەو جادەیە ببرێت بەڵام ئێستا بووەتە رێگەی مەرزە نافەرمییەكە و سەرەڕای ئەوەش لە گریانە باج لە هەموو ئەو وڵاخدارە ئێرانیانە وەردەگیرێت كە رۆژانە بەمەبەستی گواستنەوەی بارەكان دێنە مەرزەكە".
هەرچەندە ئەم مەرزە تا ئێستا بەفەرمی لە نێوان هەرێم و ئێراندا نەناسێنراوە و تەنها بەشێوەیەكی قاچاخ كاڵاكانی لێوە هاوردە و هەناردە كراوە بەڵام بە وتەی ئەو كەسانەی لەم مەرزەدا مامەڵە دەكەن، تەواوی كاڵاكان بەشێوەیەكی فەرمی گومرگ دەكرێن و رێگەیان پێنادرێت بەبێ وەسڵی گومرگ هیچ كاڵایەك بگەیەننە مەرزەكە.
یەكێك لەو كاسبكارانەی لە مەرزەكە كار دەكات، مەدحەد كاكەیی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "نزیكەی دوو مانگە بەهۆی كێشەیەكەوە كە لە نێوان كاكەییەكان و خەڵكی گریانەدا دروست كرا، ئەم مەرزە داخراوە بەڵام دوای ئەوەی كاسبكارەكان بەڵێنیان داوەتە ئاسایش و بەڵێننامەی دادگایان پڕ كردووەتەوە، لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە رێگە دراوە جارێكیتر مەرزەكە بكرێتەوە، بەجۆرێك هەموو ئەو كاڵایانەی رەوانە دەكرێن بەئاگایی پاسەوانی سنوور و دوای گومرگكردنیان رەوانەی ئێران بكرێن".
ئەو زیاتر دوا و گوتیشی:"داواكاریی داخستنی ئەم مەرزەش رەنگە كێشەی شەخسی بێت، تا گەیشتووەتە ئەم ئاستە، چونكە تەنها خەڵكی گریانە یان كاكەیی نین، كە لێرە كاسبی دەكەن، بەڵكو خەڵكی تەوێڵەیی و نەوڕۆڵی و تەنانەت پێنجوێنیش لێرە كاسبی دەكەن و تا ئێستا رێگری نەدراوە بە كەس كە بیەوێت لێرە كاسبی بكات".
مەدحەد گوتیشی:"داخستنی ئەم مەرزە نافەرمییە جگە لەوەی كە داهاتێكی باشی بۆ سنوورەكە هەیە و رۆژانە بە بەهای زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەكرێت كە داهاتێكی باشە بۆ ناوچەكە، داخستنی بۆ ماوەی ئەو دوو مانگەش زیانی گەورەی لە كاسبكاران داوە، بە جۆرێك ماوەی دوو مانگە كاڵای خەڵكمان لایە و نەمانتوانیوە رەوانەی ئێرانی بكەین، ئەوە هەم لە رووی نرخەوە زیانی لێ داوین بەهۆی بەرزبوونەوەی دۆلار و هەمیش هیچ ئاڵوگۆڕێك نەكراوە".
بە وتەی بەشێك لەو هاووڵاتیانەی لەم مەرزەدا كار دەكەن، پێش داخرانی مەرزەكە، رۆژانی هەفتە جگە لە رۆژانی هەینی و شەممە لە رێی زیاتر لە 1000 وڵاخداری ئێرانی خەڵكی ناوچەکانی جیاجیاكانی کوردستانی ئێران كاڵاكان رەوانەی قەزای پاوەی سەر بە پارێزگای كرماشان دەكران و لەوێوە بۆ ناوچەكانی تری ئەو وڵاتە دەنێردران.
لەكاتێكدا هاووڵاتییانی كاكەیی رێگرییان لە تێپەڕینی ژمارەیەكی بەرچاو كاڵای جۆراوجۆر گرتبوو كە ئامادەكرابوون بۆ ئەوەی بۆ گواستنەوە بگەیەنرێنە مەرزی ئێران. سەدان وڵاخداری ئێرانی لەچاوەڕوانی گەیشتنی بارەكان و گواستنەوەیاندا بوون بۆ وڵاتەكەیان بەڵام بەناچاری بۆجارێكی تر گەڕانەوە.
یەكێك لەو وڵاخدارانە عەزیزی بابایی كە لە مەرزەكەدا كاری وڵاخداریی دەكات بۆ ئانادۆڵۆ گوتی: "ئێمە وەكو ئەو سەدان وڵاخدارەی لەم مەرزەدا كار دەكەین، رۆژانە بۆ بردنی بارێك بە نرخی 120 هەزار تمەن (نزیكەی 40هەزار دیناری عێراقی) زیاتر لە دوو سەعات بەپێ رێ دەكەین تا دەگەینە ئێرە، لێرەش ئەوە ماوەی دوو مانگە هیچ كارێك نەبووە و ئەمڕۆ ئاگاداریان كردووین كە بار هەیە، ئەوەتا رێگری لێ كراوە و نەیانهێشتووە بارەكان بگەنە ئێرە، ناچار ئەمڕۆش بەدەستی بەتاڵ دەبێت بگەڕێینەوە".
بابایی گوتیشی: "جگە لەوەی كە بەدەستی بەتاڵ دەگەڕێینەوە، كاتێك هاتووینەتە ئەمدیو لە رێوە باجمان لێوەر گیراوە كە بۆ هەر وڵاخێك 2500 دینارمان لێ دەسێنرێت، ئەوەش تەنها وەك باج ئەگینا لەبری هیچ شتێك نییە".
بەگوێرەی خەمڵاندنە نافەرمییەكان رۆژانە بە بەهای نزیكەی نیو ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەم مەرزەدا دەكرێت و زۆرترینی ئەو كاڵایانەش بریتین لە چای، قوماش، جگەرە، مۆبایل، بالەی ئەورووپی، سپلێت و ناوبەناویش خواردەمەنی و پێداویستی رۆژانە هەناردەی وڵاتی ئێران دەكرێت.
پاڵێوراوی كاكەییەكان بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە، ئاكۆ شاوەیس لە لێدوانێكدا بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ لە ناو هاووڵاتییانی ناڕازیی كاكەییدا گوتی: "كێشەی ئەم مەرزە نافەرمییە ئەوەیە کە خەریكە ناكۆكی نێوان خەڵكە كاسبكارەكە لەسەر بەرژەوەندییە شەخسییەكانیان دەگوازرێتەوە بۆ خەڵكە ئاساییەكە و دەبنە قوربانی. بۆیە ئێستا هاووڵاتییان نەهێشتنی ئەم مەرزە بەباشتر دەزانن لە مانەوەی چونكە بووەتە مایەی سەرئێشە بۆیان و زیان بەڕێگاوبانی ناوچەكە دەگەیەنێت، ئەوە لە كاتێكدا ژمارەیەكی كەم لە خەڵكی ناوچەكە ئیستیغلالی مەرزەكەیان كردووە كە بەخەڵكە كاكەییەكەی خۆشمان و خەڵكی گریانەشەوە تەنها 14 كەسن، بۆئەوەی سوودی مەرزەكە بۆ هەمووان بێت خەڵكی ئێرە داوا دەكەن رێگەیان پێ بدرێت سوودمەند بن لەو مەرزە".
شاوەیس گوتیشی:" ئێمە لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە و بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە قسەمان كردووە كە ئەم مەرزە دەكەوێتە سنووری كارگێڕی ئەو ناحیەیەوە، ئەوان پێیان وایە كە پێویستە كارەكانی ئەم مەرزە رێك بخرێن، مەسەلەی ئەمنی لەم سنوورەدا كە نزیكەی 12 كیلۆمەترە هیچ بنكەیەكی حكوومیی تیا نییە، پێویستە كۆنترۆڵ بكرێت. ئەگینا رەنگە ئەگەری نەخوازراو روو بدات، لەگەڵ ئەوەش لەم مەرزەی ئێمەدا شەبەكەی تەلەفۆن نییە، بۆیە لە نێوان داواكاریی هاووڵاتییان بۆ داخستنی مەرزەكە و كردنەوەیدا، پێویستە كۆنترۆڵ بكرێت و بنكەی ئاسایش و گومرگ لێرە بكرێتەوە، ئەگینا نەخێر رێگە نادەین ئەم مەرزە مامەڵەی بازرگانی تێدا بكرێت".
لە سنووری هەڵەبجە وێڕای مەرزی شۆشمێ كە مەرزێكی یاسایی فەرمییە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا دەكرێت، پێنج مەرزی تری نافەرمی بوونیان هەیە و بە قەبارەی جیاواز ئاڵوگۆڕی بازرگانیان تێدا دەكرێت و هاووڵاتییان بە قاچاخ كاڵا ئاڵوگۆڕ دەكەن و بە ئاگاداریی ئیدارەی شارەكە هاتوچۆیان تێدا دەكرێت.
هەرچەندە كاكەییەكان هاوپێچ لەگەڵ یادداشتەكەیاندا واژۆی 250 كەسیان داوەتە پارێزگای هەڵەبجە بۆداخستنی مەرزە نافەرمییەكە و بەڵێنیان وەرگرتووە كە تاچارەسەریی كێشەكە ئەو مەرزە نەكرێتەوە بەڵام جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان ئاگاداریی كردنەوەی ئەو مەرزە نین و بەرپرسیاری دروستبوونی هەر گرژییەكەش لە ئەستۆی ئەوانەیە كە بڕیاری كردنەوەی مەرزەكەیان داوە.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، كاوە شێخ عەلی لە لێدوانێكدا بۆئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "دوای داخستنی ئەو مەرزە لە ماوەی رابردوودا، بەشێك لەهاووڵاتییانی كاكەیی سنوورەكە سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان كرد و تاوتوێی باسەكە كرا، لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار درا تا كارەكانی مەرزەكە رێك نەخرێن و كۆنترۆڵ نەكرێت و ناكۆكییەكانی نێوان هاووڵاتییانی ئەو سنوورە چارەسەر نەكرێت و كۆنترۆڵی تەواوی ئەو كاڵایانە نەكرێت كە ئاڵوگۆڕیان پێ دەكرێت، ئەو مەرزە نەكرێتەوە".
ئەو لە کۆتاییدا گوتیشی: "هیچ بڕیارێك نییە بۆ كردنەوەی ئەو مەرزە لەلایەن ئیدارەی هەڵەبجەوە، ئێمە بەدواداچوونمان بۆ كرد، هیچ یەكەیەكی ئیداریی سنوورەكە لە ناحیەی بیارە تا قائیمقام و پارێزگای هەڵەبجە ئاگاداریی كردنەوەی مەرزەكە نین چونكە پێویستە لە كاتی كردنەوەی ئەو مەرزەدا دڵنیایی تەواو بدرێت كە هیچ كێشەیەك دروست نابێت بۆیە ئەو كەسەی كە بڕیاری داوە ئەو مەرزە بكرێتەوە، لە هەر ئاست و بەرپرسیارێتییەكدا بێت، دەبێت خۆی تەحەمولی بەرپرسیارێتی روودانی هەر كێشەیەك بكات كە دەبێتە مایەی شێوانی ئاشتی كۆمەڵایەتی لە ناوچەكەدا".
news_share_descriptionsubscription_contact

