Zana Natık Kerem
25 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر ــ AA
بە مەبەستی سەرپەرشتیکردنی بەندەکانی نێو رێککەوتنی نێوان ھەردوو حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە شنگال، شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق گەیشتە پارێزگای نەینەوا.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە ئەمڕۆ چوارشەممە جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، فەریق روکن عەبدولئەمیر شممەری و فەرماندەی پۆلیسی فیدرال، فەریق روکن جەعفەر بەتات و فەرماندەی فەرماندەیی پاسەوانی سنوور و فەرماندەی ھێزەکانی وشکانیی، حەمید شەتری گەیشتوونەتە پارێزگای نەینەوا، بۆ ئەوەی بەپێی راسپاردەکانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی سەرپەرشتی جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتنی شنگال بکەن.
لیوا تەحسین خەفاجی گوتیشی: "لە رۆژانی داھاتوودا بەپێی راسپاردەکانی مستەفا کازمی، بەندەکانی نێو رێککەوتنی شنگال جێبەجێ دەکرێن".
لە ماوەکانی رابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو کە رێککەوتنێکی مێژوویی کراوە کە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور لەسەر ئاستی کارگێڕی و ئەمنی لە شنگال پتەوتر دەکات.