عێراق

پەیامی سەرکۆماری عێراق لە رۆژی جیھانیی نەھێشتنی توندوتیژی دژی ژنان

سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح: "کاتی ئەوە ھاتووە لەو ھۆکارانە رزگارمان بێت کە مۆرکێکی دامەزراوەیی دەبەخشنە جیاکاری رەگەزی دژبە ژنان".

Zana Natık Kerem  | 25.11.2020 - نوێکردنەوە : 25.11.2020
پەیامی سەرکۆماری عێراق لە رۆژی جیھانیی نەھێشتنی توندوتیژی دژی ژنان

Arbil

ھەولێر ــ AA

سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح رایگەیاند کە کاتی ئەوە ھاتووە لەو ھۆکارانە رزگارییان بێت کە مۆرکێکی دامەزراوەیی دەبەخشنە جیاکاری رەگەزی دژبە ژنان.

بەرھەم ئەحمەد ساڵج لە رۆژی جیھانیی نەھێشتنی توندتیژی دژی ئافرەتان پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا پشتیوانی خۆی بۆ بانگەوازەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپات کردووەتەوە سەبارەت بە راگەیاندنی پەیامی (ئاشتەوایی نێوماڵ) و وروژاندنی ئەم بابەتە لەسەر ئاستێکی جیھانی لە پێناو وەستانەوە دژی چەوساندنەوەی ژنان.

سەرکۆماری عێراق جەختیکردووتەوە کە لەم دۆخە ناھەموارەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا، ژنان زیاتر لەبەردەم فشاری سەختی ژیان و گوزەران و تەندروستیین، بۆیە یارمەتیدانیان و ھاوکات کارکردن بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی ئەم پەتایە لەسەر ژیان و گوزەرانیان دەبێتە بناغە‌یەک بۆ جیھانێکی شیاوتری دوای پەتای کۆرۆنا.

لە دەقی پەیامەکەی بەرھەم ئەحمەد ساڵح-دا ھاتووە "سوپاسی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم سەبارەت بە راگەیاندنی پەیامی (ئاشتەوایی نێوماڵ) و وروژاندنی ئەم بابەتە لەسەر ئاستێکی جیھانی لە پێناو وەستانەوە دژی چەوساندنەوەی ژنان".

راشیگەیاندووە "لەم دۆخە ناھەموارەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا، ژنان زیاتر لەبەردەم فشاری سەختی ژیان و گوزەران و تەندروستین، بۆیە یارمەتیدانیان و ھاوکات کارکردن بۆ کەمردنەوەی لێکەوتەکانی ئەم پەتایە لەسەر ژیان و گوزەرانیان دەبێتە بناغە‌یەک بۆ جیھانێکی شیاوتری دوای پەتای کۆرۆنا".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، بەرھەم ئەحمەد ساڵح تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە لەمڕۆدا، زۆرینەی ژنانی عێراق بەدەست لێکەوتە ئابوورییەکانی ئەم پەتایەوە دەناڵێنن، بۆیە پێویستە ھەموولایەک ھاوکار بن لە یارمەتیدانیان بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخە، ئابووری عێراق وەکو وڵاتێکی تازە ‌گەشەکردوو کاریگەری ئەم پەتایەی زیاتر بەسەرەوەیە، بەم ھۆیەوە زۆرینەی ژنان سەرچاوەی بژێویان لەدەست دەدەن، لەکاتێکدا ململانێ ناوخۆیەکانیش بوونەتە ھۆی ئەوەی بەشێکیان بەخێوکردنی خێزانەکانیشیان بکەوێتە ئەستۆ، بۆیە پێویستە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی ژنانی کارکەر کەرتی تایبەتیش بگرێتەوە، لەو سۆنگەیەوە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە ئاوڕ لە کەمپی ئاوارەکانیش بدەنەوە کە زۆرینەیان ژنن.

ئەوەشی راگەیاندووە "کاتی ئەوە ھاتووە لەو ھۆکارانە رزگارمان بێت کە مۆرکێکی دامەزراوەیی دەبەخشنە جیاکاری رەگەزی دژ بە ژنان".

سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایگەیاندووە "بەھۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، ئاسەوارە خراپەکانی کۆرۆنا بەسەر عێراقەوە زیاتر دەرکەوتووە، لێرەدا پێویستمان بە ھەوڵ و ھاوکارییە لە پێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەم تەنگژەیە بەسەر ھاووڵاتییان بەشێوەیەکی گشتیی و ژنانی عێراق بە تایبەتی".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın