Rewa Mahmut Hasan,Muhammet Ali Kemal,Hemın Othman Mohammed
19 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2017
٤٥ ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، سبەینێ لە پاش مەڕاسیمی سوێندخواردن کە لە باخچەی کۆنگرێس ساز دەکرێت، دەسەڵات لە باراک ئۆباما وەردەگرێت، کە ماوەی ھەشت ساڵە سەرۆکی ئەو وڵاتەیە.
لەکاتێکدا بەوپەڕی تواناوە کاردەکرێت بۆ رێکخستنی مەڕاسیمی سوێندخواردنی ترەمپ، کە لە ٥٨ ـەمین ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، کە لە ٨ی تشرینی دووەمدا بەڕێوەچوو سەرکەوتنی بەدەستھێنا، چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی ٩٠٠ ھەزار کەس بەشداری لەو مەڕاسیمەدا بکەن کە بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.
لەگەڵ تەواوبوونی ئامادەکارییەکان بۆ رێکخستنی مەڕاسیمی سوێندخواردنەکە کە لە باخچەی کۆنگرێسی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، ئەوەی بووەتە مایەی سەرنج ئەو کارە ورد و ھەستیارانەیە کە دەکرێن بۆ ئەو سەکۆیەی ترەمپ گوتاری لەسەر پێشکەش دەکات.
ھەروەھا زۆر شوێنی دەوری کۆنگریس بە بەربەستی ئەمنیی تایبەت گیراون و، ژمارەیەکی زۆر لە ئامێری پچڕاندنی سیگناڵ لە چەند ناوچەیەکی جیاواز جێگیرکراون. بەرپرسانی ئەمریکا باسیان لەوە کرد کە سبەینێ کاتژمێر ٠٦:٠٠ دەرگا ئەمنییەکان دەکرێنەوە، ھەزاران کەس ریز دەبەستن بۆ بەشداریکردن لە مەڕاسیمی سوێند خواردنەکەدا.
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو، لە شوێنی مەڕاسیمەکە و شەقامی پێنسیلڤانیا کە ترەمپ و تیمەکەی پیایدا تێپەڕ دەبن و لە کۆشکی سپیش ئامادە دەبێت. ھەروەھا سەبارەت بە قۆناغی نوێی ئەمریکا چاوپێکەوتنی لەگەڵ چەندین کەسایەتی لە چین و توێژەجیاوازەکان ئەنجام دا.
ھاووڵاتیەک بەناوی جەیمس گاوتشۆ (تەمەن ٢٦ ساڵان)، باس لەوە دەکات کە لە سەردەمی ترەمپ دەترسێت، لەبەرئەوەی ئەوانەی وەک خۆی خەڵکی ئەمریکای لاتینن وەک تاوانبار دەبینرێن و، گوتی: "من لێرە کۆچبەرێکم، تا ئەمڕۆ بە ھیچ تاوانێکەوە تێوەنەگلاوم. بەڵام بەشێکی دیاری کۆمەڵگا زۆر لە ئێمە توڕەن، ئەوەیش مەترسییەکی راستەقینەیە".
لای خۆیشییەوە ئاندریا لوکاسی تەمەن ٣١ ساڵ کە بەرەگەز خەڵکی ئەمریکای لاتینە و ماوەی ١٦ ساڵە لە ماریلاند دەژی، ئاماژەی بەوەکرد خۆشحاڵ نییە بەو پێشنیارەی ترەمپ کە باس لە ناردنەوەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانە دەکات کە خەڵکی وڵاتانی ئەمریکای لاتینن.
ئەو گوتی: ''دایکی سێ منداڵم، نیگەرانم لەبارەی داھاتوویانەوە. چونکە وەک ئەو کەسانەی کە بەرەگەز خەڵکی وڵاتانی ئەمریکای لاتینین، بەردەوام لەژێر ھەڕەشە و فشاری کۆمەڵگەداین'' و باسی لەوەکرد پێویستە سەرۆک کەسێک بێت نوێنەرایەتی ھەموو گەل بکات.
- ''ترەمپ وەک ھەڕەشە نابینم''
لەلایەکی دیکەوە خوێندکارێکی رەشپێستی زانکۆ بەناوی ھێنری ھێریئەیج کە تەمەنی ٢٢ ساڵە، ئاماژەی بەوەکرد گوتەکانی ترەمپ لەمیانەی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا مەبەستێکی سیاسیی ھەبووە و گوتی: ''وەک رەشپێستێکی ئەمریکی ترەمپ وەک ھەڕەشە نابینم و لێی ناترسم. پێموایە گوتە نەژادپەرستییەکانی بەشێکن لە یارییەکی سیاسیی''.
ھێریئەیج جەختی لەوەکردەوە کە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ دەستی بەکارکرد، دەگۆڕێت و پێویستە بگۆڕێت. باسی لەوەشکرد نە دەنگی بە ئۆباما داوە و نە بە ترەمپ و گوتی: ''لەسەردەمی ئۆبامادا بەرەوپێشچوونێکی جددیمان لەبارەی ئەمریکیی ئەفریقییەکانەوە بەدی نەکرد. ژمارەیەکی زۆر لە لاوانی رەشپێست لەلایەن پۆلیسەوە کوژران. بەدڵنیاییەوە پێویستە ئەمە بگۆڕدرێت''.
- رێورەسمی رادەستکردنی پۆستەکە چۆن بەڕێوە دەچێت؟
رێوڕەسمەکە کە تێیدا ترەمپ پۆستی ٤٥ ـەمین سەرۆکی ئەمریکا وەردەگرێت، لە باخچەی کۆنگرێسدا بەڕێوە دەچێت و بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٧٨٩دا لە نیویۆرک بۆ سەرۆک جۆرج واشنتۆن سازکرا، لەو کاتەوە تا ئێستا بەچەند گۆڕانگارییەکی کەمەوە رێکدەخرێت و چاوەڕواندەکرێت نزیکەی ٩٠٠ ھەزار ھاووڵاتیی ئەمریکی بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا بکەن.
دوای ئەوەی لە ساڵی ١٨٠٠دا، شاری واشنتۆن بەفەرمی کرایە پایتەختی ئەمریکا، یەکەم رێوڕەسمی سوێندخواردن تیایدا بۆ سەرۆک تۆماس جێفرسۆن رێکخرا.
لە ساڵی ١٨١٧دا کاتێک جەیمس مۆنرۆی پۆستی سەرۆکی ئەمریکای وەرگرت لە واشنتۆن و بە بەشداری ھاووڵاتییانی ئەمریکی لە باخچەی کۆنگرێس ئەو رێوڕەسمە بەڕێوەدەچێت.
لە مەراسیمی رادەستکردنی پۆستەکە ترەمپ و یاریدەدەرەکەی مایک پەنس لە سەر مەزاری سەربازی ون لە مەزارگەی نیشتمانی ئارلنگتۆن تاجەگوڵینە دادەنێن و دواتر لە شوێنی یادەوەری لینکۆڵن لەژێر ناونیشانی "با سەرلەنوێ ئەمریکا بونیات بنێینەوە" کۆنسێرتێک رێکدەخرێت و دوای کۆنسێرتەکە ترەمپ و پەنس گوتارێک پێشکەشی گەلی ئەمریکا دەکەن.
دواتر ترەمپ و خێزانەکەی دەچنە کۆشکی سپی و لەگەڵ خێزانی ئۆباما چاویان بەیەک دەکەوێت، پاشان لە کڵێسایەکدا ئۆباما و ترەمپ نزا دەکەن و بۆ بەشداری لە مەراسیمی سوێند خواردن دەچن بۆ ناو کۆنگرێس.
لە نیوەڕۆدا ترەمپ دەستی چەپی دەخاتە سەر ئینجیل و لەبەردەم سەرۆکی دادگای باڵا جۆن رۆبەرتدا سوێند دەخوات و دەڵێت: "سوێند دەخۆم کە بەپاکی سەرۆکایەتی ئەمریکا بکەم، ئەوەی لەدەستم بێت بە باشترین شێوە بیکەم و پارێزگاری لە دەستووری ئەمریکا بکەم و بیپارێزم. دواتریش ھاوشێوەی ترەمپ، جێگەی سەرۆکیش سوێند دەخوات".
دوای مەراسیمی سوێندخواردنەکە بەدرێژایی شەقامی پێنسیلڤانیا لە کۆنگرێسەوە تاوەکو کۆشکی سپی، ھاووڵاتییان بەمەبەستی پیرۆزباییکردن لە سەرۆکی نوێ رادەوەستن. بەڵام چاوەڕوان دەکرێت نەیارانی ترەمپ لەو کاتەدا خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.
دوای ئەوەی کە ترەمپ بەکاروانێک دەگاتە کۆشکی سپی، قۆناغی نوێی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا دەست پێ دەکات و بەو بۆنەیەوە ئاھەنگێکی میوزیکی سازدەکرێت. ئاھەنگەکە بەسەماکردنی ھەریەک لە ترەمپ و مێلانیای ھاوسەری، مایک پێنس و ھاوسەرەکەی دەست پێ دەکات و بە بەشداریی ھونەرمەندان و گرووپەکانی سەما درێژەی دەبێت.
رۆژی٢١ی کانوونی دووەم لە کڵێسای نیشتمانیی واشنتۆن رێورەسمێکی ئایینی کە لە ساڵی ١٩٣٣ەوە ئەنجام دەدرێت، سازدەکرێت. دوای رێورەسمەکەش ترەمپ وەک ٤٥ ـەمین سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی دەستبەکاردەبێت. لەمەراسیمی سوێند خواردن کە ٢٠ ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت خۆپیشاندانی کرێکاران و ئافرەتان و نوسەران و ھونەرمەندان زیادی کردووەو بەجیا لە واشنتۆن و نیویۆرک رێپێوانی ئافرەتان بەڕێوەدەچێت
لە ئێستادا لە واشنتۆن رێوشوێنی ئەمنی توند دەگیرێتە بەر. ھەر لەو چوارچێوەیەدا نزیکەی ٢٨ ھەزار پۆلیس و ٧ ھەزار سەربازی یەکەکانی پاراستنی نەتەوەیی ئەرکیان پێ سپێردراوە .
ھاوشانی ئەمانە چەندین کەس پرۆتەستۆی ترەمپ دەکەن لەکاتی بەرێوەچوونی مەراسیمی سوێند خواردنەکەدا و ھەر بەوھۆیەشەوە رێوشوێنی ئەمنی توند دەگیرێتە بەر.
لەکاتێکدا بانگھێشتنامە ئاراستەی زۆر لە ھونەرمەندەکان کرابوو، بەڵام بەھۆی سووکایەتی و جیاکاریەکانی ترەمپەوە، رەتی دەکەنەوە بەشدار بن لەو مەراسیمەدا.
لە مەراسیمی سوێندخواردنەکەدا ھونەرمەندی ئۆپێرا، جاکی ئیڤانچۆ، گروپی دانس و ئۆرکسترای مۆرمۆنو تۆبی کەیتس و سێ دۆرس داون بەشدار دەبن.