Hemın Othman Mohammed
19 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2017
تاران - AA
لە کاتێکدا ھیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانە بڵاونەکراوەتەوە کە لە رووداوی داڕووخانی باڵەخانە ١٧ نھۆمییەکەی تارانی پایتەختی ئێران گیانیان لەدەستداوە، کە بەھۆی ئاگرەوە داڕووخا، باس لەوە دەکرێت کە لانی کەم ٣٠ کەس لە کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە لەژێر داروپەردوی باڵەخانە رووخاوەکەدان.
گوتەبێژی دەزگای ئاگرکوژێنەوەی تاران، جەلال مەلەکی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی مەھر، باسی لەوە کرد کە لە کاتێکدا کارەکانی کوژاندنەوەی ئاگری باڵەخانە ١٧ نھۆمیەکە درێژەی ھەبوو، کە کاتەکانی بەیانی ئەمڕۆ ئاگری تێبەرببوو، باڵەخانەکە داڕووخاو لە ئەنجامدا لانی کەم ٣٠ کەس لە کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە کەوتنە ژێر داروپەردوی باڵەخانە رووخاوەکە.
لە کاتیکدا باس لە برینداربوونی ٧٠ کەس دەکرێت لەو رووداوەدا، ھیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانە بڵاونەکراوەتەوە کە لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە.
کارەکانی گەڕان و رزگارکردنی ئەو کەسانە درێژەی ھەیە کە کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوکە.